دەستەی ژینگە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئاگادار دەکاتەوە

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە نوسراوێکی فەرمی لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات و چەند داواکارییەک پێشنیاز دەکات کە مەبەست لێی بانگەشەیەکی تەندروست و پێشێل نەکردنی مافە ژینگەییەکانە.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە داواش دەکات کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە هەماهەنگیدا بێت بۆ ئەوەی سەرپێچیکاران و دەستدرێژیکارانی سەر ژینگە لەکاتی بانگەشە سزا بدرێن.

بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگیی لەنێوان دوو مافی دەستووری هاووڵاتییان کە یەکەمیان مافی خۆ بەربژێرکردن و دەنگدانە ئەوەی دیکە مافی هەموو کەسێکە لە ژینگەیەکی سەلامەتدا بێت، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکان داوایەک ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات.

لە داواکارییەکاندا هاتووە:

یەکەم: لافیتە و نووسینەکان لەسەر قوماش و کاغەز بن نەک لەسەر فلێکس نایلۆن، کە دواجار بە ئاسانی شی نابنەوە و زیان بە ڕووەک و گیانلبەران دەگەیەنن .

دووەم: پۆستەرەکان بە تێپ جێگیر بکرێن نەک سیکۆتین هەروەها بزمار بۆ جێگیرکردنیان لەسەر درەختەکان بەکارنەهێندرێن و درەختەکان لە هەڵواسینی پۆستەرەکان بە دوور بگیرێن .

سێیەم: جوانبینینی پاراستنی هەستی بینین لە هەڵبژاردنی شوێنی هەڵواسینی پۆستەرەکان ڕەچاو بکرێن.

چوارەم : زیدەڕۆیی نەکردن لە بەهەدەردانی کاغەز و کارتۆن چونکە کاغەزو کارتۆن بەشێوەیەکی سەرەکی بەرهەمی بڕینەوەی درەختەکانن.

پێنجەم: ماددەی پلاستیکی و نایلۆنی نەدرێتە دەنگدەر وەک بانگەشە، لە حاڵەتی بانگەشەکردنیشدا پێویستە ئەوانەی پۆستەرەکان هەڵدەواسن، پاشماوەکان کۆبکەنەوە .

شەشەم بەکار نەهێنانی پارکە گشتییەکان و باخچەی نێو گەڕەکەکان بۆ بانگەشە .

حەوتەم: سوود وەرگرتن لە شاشەی گەورەی ئەلیکترۆنی و تەلەفزیۆنی لە شوێنە گونجاوەکاندا .

هەشتەم: بەردەوام کۆمیسیۆن لایەنەکان لە سزاکانی سەرپێچی ئاگادار بکاتەوە .

نۆیەم : هاندانی لیستەکان بۆ زیاتر بەکارهێنانی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن .

دەیەم: کۆمیسیۆن ناوی ئەو لایەن و قەوارە سیاسیانە ئاشکرا بکات کە پابەندی ڕێسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان نابن.

یازدە: بەکارنە‌هێنانی بڵندگۆ لەکاتی کۆبوونەوەی جەماوەری و خۆ دوورگرتن لە بەکارهێنانی کاروانی ئۆتۆمبێل بۆ بانگەشە، چونکە هەردووکیان زیان بە هەستی بیستن و ژینگە دەگەیەنێت.

دوازدەم: کۆمیسیۆن بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژینگە بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییە ژینگەییەکان بکات.

سێزدەم: کۆمیسیۆن بەهاریکاری مێدیاکان هاوکار بێت لە تێکهەڵکێشکردنی بابەتەکانی ژینگەپارێزی لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردن.

Fly Erbil Advertisment