عێراق.. مافی ژنان لە کەرتی تایبەت پارێزراو نییە
ئافرهتانی عێراق نایانەوێت لە کەرتی تایبەت کار بکەن

لە عێراق 13 ملیۆن ژن لە تەمەنی کارکردندان، لەو ژمارەیەش تەنیا یەک ملیۆن ژن کاریان هەیە و %70 ئەوانەش لە کەرتی گشتییدا کار دەکەن.
ژنانی عێراق خواستیان لەسەر کارکردن لە کەرتی تایبەت نییە، چوونکە بەشێک لە مافەکانیان پاریزراو نییە و دووچاری چەندین کێشە و ئاستەنگ دەبنەوە.
هێشتا ئافرەتان لە پارێزگای زیقار ڕووبەڕووی ئاڵنگاری قورس دەبنەوە لە دەستکەوتنی هەلی کار بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت.
ڕاوەستانی کارەکانی ژمارەیەکی زۆر کارگە و کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە زیقار، وای لە ئافرەتانی ئەم پارێزگایە کردووە بەدوای هەلی کار لە کەرتی گشتیی و دامەزراوەکانی حکوومەتدا بگەڕێن، ئەمە سەرباری دواکەوتنی مووچەکانیان لەم کەرتە و ناسەقامگیریی ئەمنیی لە وڵات.
ئەزهار وائلی، کارمەند لەکەرتی گشتیی بە کوردستان24 دەڵێت: کارکردن لەکەرتی گشتیی کۆمەڵێک یاسای هەیە کە ڕێز لەکارمەند دەگرێت، بەڵام کارکردن لە کەرتی تایبەت بۆ ئافرەتان قورسە، چونکە ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە، هەروەها توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، تەنانەت لەهەندێ شوێن مووچەی ئافرەتان بەرامبەر کاری سێکیسیە!
ئەسما شەعلان، کارمەندی کەرتی تایبەت گوتی: ژمارەی ئافرەتان لەکەرتی تایبەت زۆر کەمە، ئەمە بەهۆی نەبوونی پرۆژە و کۆمپانیاوە، لەلایەکی دیکەوە ئافرەتان سەرباری ئەوەی لەکەرتی تایبەت کاری زۆریان پێ دەکرێت بەڵام شایستەکانیان وەک خۆی نادرێتێ.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێخکراوی کاری نێودەوڵەتی، نزیکەی 13 ملیۆن ئافرەتی عێراقی توانای کارکردنیان هەیە، بەڵام تەنها یەک ملیۆنیان کاریان هەیە و خەریکی کارکردنن.
لەم ڕێژەیەش 70% لەکەرتی گشتییدا کاردەکەن، هەروەها ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لەکەرتی تایبەت کاردەکەن لە 300 هەزار ئافرەت تێناپەڕێت.
لای خۆیانەوە پسپۆڕان دەڵێن، کەمی هەلی کار لەکەرتی تایبەت بۆ ئافرەتان ئەم هەڕەشەی جیددییە لەپارێزگا زیقار.
مورتەزا حەمید، چاودێر ڕایگەیاند، گرنگە حکوومەتی ناوەندی ڕێکاری تایبەت بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئافرەتان بێنە پێشەوە، چونکە ئەوان ڕۆڵێکی گەورەیان لە کۆمەڵگەدا هەیە. هەروەها توانای باشیان هەیە، لەلایەکی دیکەوە کارکردنی ئافرەتان دەبێتە هۆی سەقامگیریی کۆمەڵگەی عێراقی.
نەهامەمەتی و دەردیسەرییەکانی ئافرەتان لە عێراق بەگشتی و لە زیقار بەتایبەتی بەردەوامن. ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی ڕێکاری بەپەلە بۆ باشترکردنی دۆخی ئافرەتان نەگرێبەتەر، زۆرینەیان بیر لە کۆچکردن بۆ ئەو وڵاتانە دەکەنەوە کە ژیانی شەرەفمەندانەیان بۆ دابیندەکات.