سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا مەبەستی سەردانەکەی قائانی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات
قائانی پەیامی تایبەتی خامنەیی گەیاندووە و داوای کردووە دۆخی سیاسی و سەربازی هێور بکرێتەوە

سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالکی، مەبەستی سەردانە لە ناکاو و ڕانەگەیەندراوەکەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات.
بە گوتەی ڕەسوڵ ڕازی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەردانە دوو ڕۆژ لەمەوبەرەکەی قائانی بۆ بەغدا بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا بوو بەشێوەیەکی فراوانتر، هەروا پەیامێکی تایبەتی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئیسلامی ئێرانی گەیاندووەتە حکوومەتی عێراق، بە تایبەت لەبارەی پێشوازی و میوانداریی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن.
ڕازی ئاماژەی داوە، قائانی کۆبووەنەوەی تایبەت و تاکلایەنەی لەگەڵ هەندێک لەلایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێک گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق هەبووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە لەم دۆخە هەستیارەی عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە، پێویستە دۆخی سیاسیی و چەکداری هێور بکەنەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوبوونەتەوە، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ هەر یەک لە هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلیحەق، حسێن حمێداوی، سەرۆکی کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکەی گرووپە چەکدارەکان کۆبووەتەوە.
ئیسماعیل قائانی شەوی دووشەممە گەیشتە بەغدا و ئێوارەی سێشەممە عێراقی جێهێشتووە، هاوکات لەگەڵ گەیشتنی کۆبوونەوەکانی دەست پێ کردووە.