دووەمین كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی "پێغەمبەرناسی لە شیعری كوردیدا" بەڕێوە دەچێت

لە ڕۆژانی 25 و 26ـی ئەم مانگە، لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر، دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "پێغەمبەرناسی لە شیعری کوردی‌دا" بە بەشداریی لێکۆڵەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
پ.د. جەمیل عەلی سورچی، ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیيەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری کوردستان24 ڕایگەیاند "محەممەد پێغەمبەر (د .خ. )، لە دڵ و هەستی شاعیر، بوێژ و وێژەوانانی كورددا جێگەیەكی دیار و بایه‌خێكی تایبه‌تی هەبووە، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینەى شاعیرانى کورد، دەرچووى حوجرە و هه‌ڵگری زانستە شەرعییەکان بوون؛ بە جۆرەها شێواز لە خزمەتکردنى پێغەمبەر و کۆباسە شەرعییەکان ئامادەییان هەبووە و هەیە؛ بۆیه به درێژایی مێژووی ئەدەب و شیعری كوردی، باس و خواسه‌كانی پێغه‌مبه‌رناسی جێگە و پێگەیەكی بێ وێنه‌ی هەبووە".
بە گوتەی سوورچی "كۆنفرانسی پێغەمبەرناسی لە شیعری كوردیدا، هەوڵ دەدات بە شێوەیەكی زانستی لە ڕەهەندەكانی ئەم دیاردە ئەدەبی و عیرفانییه بكۆلێتەوە. کۆلێژى زانستە ئیسلامییەکانى زانکۆى سەڵاحەدیدن – هەولێر، بە پێویستى دەزانێت لە چوارچێوەى ئەم کۆنفرانسە زانستىییەدا، دەرفەت بۆ لێکۆڵەر و توێژەران بڕەخسێنێت، تاوەکوو بە شێوەیەکى ئەکادیمى و ورد باس و خواسه‌كانی پێغەمبەرناسى لە دیدى شاعیرانى کورد، بخەنە به‌ر باس و لێكۆلینه‌وه".
بە گوتەی ڕاگری کۆلێژەکە "لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر لە 40 لێکۆلەری ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەی پێغەمبەری ئیسلام لە شیعر و هەلبەستی کوردی‌دا کردووە؛ بەشدارن. ئەوان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لێکۆلینەوەکانیان پێشکەش دەکەن و دواتر هەموویان لە کتێبێکی تایبەتدا کۆ دەکرێنەوە و چاپ دەکرێت".
ئامانجەکانی کۆنفرانسە زانستییەکە:
1- خوێندنەوەیەكی زانستی و سەردەمییانە بۆ ده‌رخستنی پەیوەندیی نێوان ئایین له‌گه‌ڵ شیعر و ئەدەبیاتی كوردی، له شاعیرانی كلاسیكه‌وه تاوەكوو سه‌رده‌می ئێستا.
2- دەستنیشانكردنی ئیستێتیكی ئەو شیعره كوردییانه‌ی كە پێغەمبەرناسی بووەتە سیما و مۆركی ئەدەبییان.
3- خستنەڕووى ڕۆڵى شاعیرانى کورد لە نووسینى شیعر و هەڵبەست لەسەر پێغەمبەر (د.خ.) و ئاکار و ڕه‌وشته به‌رزه‌كانی.
4- خستنەڕووى ڕۆڵى شاعیرانى کورد لە عیرفان و سۆفیگەرى و قوڵکردنەوەى ئایندارى هاوسەنگ و میانڕەو لە ڕێگەى خستنەڕووى ئاکار و ره‌وشته به‌رزه‌كانی پێغەمبەر (د.خ.) و مامەڵەکردنى لەگەڵ دەوروبەریدا.
5- به‌راوردكرنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و شیعره کوردییانه‌ی له‌باره‌ی پێغەمبەره‌وه (د.خ.) نووسراون به "قورئانی پیرۆز و فەرموودە ڕاسته‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ.)".
6- لێکدانەوەى شیعر و هەڵبەستى شاعیرانى کورد، بە شێوەیەکى ئەکادیمى کە سەبارەت بە پێغەمبەرناسى نووسراون، لە ڕوانگەى بنەماکانى عیرفان و سۆفیگەری ئیسلامی ڕاست و ڕەسەن.
تەوەرەکانی کۆنفرانسە زانستییەکە:
1- پێغه‌مبه‌رناسی له ڕوانگه‌ی شیعری شاعیرانی زاراوه جیاوازه‌كانی كورددا.
2- ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ.) له شیعری كوردیدا.
3- شەمائیل و ڕه‌وشتی پێغه‌مبه‌ر (د.خ.) له شیعری كوردیدا.
4- میعراجنامه‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ.) له شیعری كوردیدا.
5- وه‌فاتنامه‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ.) له شیعری كوردیدا.
6- خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ر (د. خ.) له شیعری كوردیدا.
7- مێژوو و قۆناغه‌كانی نووسینی شیعری كوردی لەبارەی پێغه‌مبه‌ر ( د.خ ).
8- مه‌ولوودنامه كوردییه‌كان و ڕۆڵیان له پێغه‌مبه‌رناسیدا.
9- تایبه‌تمه‌ندیی قه‌سیده و مه‌ولوودنامه كوردییه‌كان.
10- پێغه‌مبه‌رناسی له شیعری سۆفیگه‌ری كوردیدا.
11- پێغه‌مبه‌رناسی له شیعری هاوچه‌رخدا.
ناساندنی كۆنفرانس
ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیيەکان گوتی: گەلی كورد له دوای ئاشنابوونی به ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ناسینی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی، وه‌ك نه‌ته‌وه موسڵمانه‌كانی دیکە، هەوڵی داوە لە هەموو ڕووەكانەوە پابەندی ئایینی ئیسلام بێت و له ناساندنیدا ڕۆڵی هه‌بێت، لەم سۆنگه‌یه‌وه خۆشەویستییەكی تایبەتی بۆ حه‌زره‌تی پێغەمبەر( د.خ.) هەبووە.
سورچی باسی لەوەش کرد "ئێستە گەلی كورد بە پێشەنگی یادی لەدایكبوونی محەممەد پێغەمبەر(د.خ.) سەروەری مرۆڤایەتی دەناسرێت. شیعر و ئەدەبیاتیش وەكوو لایەنێكی دیاری نێو ژیان و شارستانییەتی مرۆڤ، هەست و سۆزێكە لە قووڵایی دەروونی مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێ و بەو هۆیەوە گوزارشت لە خۆشەویستییەكەی بۆ هەر لایەنێك دەكات".