کەشناسی: ئەمڕۆ یەکەم بارانی پایزە ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە
کەشناسی: ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتیی نیمچە هەور دەبێت
بەشی پێشبینی کەش و هەوا لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، پێشبینییەکانی 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ نمە باران ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بۆ سبەینێش باران سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر دەگرێتەوە.
بە گوێرەی کەشی پێشبینیکراوی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئەیلوولی 2024، ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور و لە ناوچە شاخاوییەکانیش هەوری تەواو دەبێت، بۆ ئێوارە لە ناوچە سنوورییەکان نمە باران دەبێت و هەندێکجار بۆ تاوە باران دەگۆڕێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراویش ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی زاخۆ .
سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشی سبەی هەینی 20ی ئەیلوولی 2024 ، ئاسمان لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لە کاتەکانی بەیانی نمەباران لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک پاشان کاریگەری بەشێوەیەکی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکای ناوەڕاستی هەرێمی کوردستان و هەندێ لەناوچەکانی پارێزگای هەولێر، بەڵام بۆ ئێوارەی سبەی هەینی کاریگەرییەکان بەلاوازی لەناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکوور دەمێنێتەوە .
هەروەها نزمترین پلەکانی گەرما لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 20 پلەی سیلیزییە و بەرزترین پلەش لە پارێزگای کەرکووک پێشبینیکراوە کە 35 پلەی سیلیزییە.