عەلی حوسێن: ئەوانەی دژی بەعس خەباتیان نەکردووە، پێشمەرگە ناناسن!
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، حەلبووسی کۆمەڵێک گرفتی سیاسیی لەنێو ماڵی خۆی و شیعە هەیە، هەر بۆیە بابەتی کوردستان دەکات بە کاغەزێکی سیاسی بۆ دەستکەوتی سیاسی خۆی.
پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هەرچەندە چەندان جار سەردانی بازاڕمان کردووە، بەڵام بەپێویستمان زانی ئەمڕۆ سەردانی بازاڕی گشتیی بکەین، بێینە ناو خەڵک و کۆمەڵێک لەو شوێنە ڕۆشنبیرییانە بەسەر بکەینەوە بەتایبەت کتێبخانەکان، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی خەڵک بین".
ئەو بەرپرسە دەڵێت: پێمان وایە دەبێت حزبی سیاسی و ڕێکخستنی سیاسی لەگەڵ خەڵکی بێت، بۆ ئەوەی بەگشتیی بزانین دۆخی خەڵکی چۆنە، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بە ڕاستەوخۆی دۆخی خەڵکی ببینێت هەم بۆ حکوومەت و هەمیش بۆ ئایندەی وڵات، بۆ ئەوەی بەپێی خواست و داواکاری خەڵک، هەوڵ بدات هەنگاوەکانمان لە حزب و لە حکوومەت بۆ ژیانی خەڵکی بنێت.
دەشڵیت: ئێمە هیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵام خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەیە. هیواداریشین خاڵی هاوبەشمان زۆرتر بێت، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنەکانیش بتوانین بە گیانی تەبایی و برایەتی خزمەتی خەڵکی بکەین، دواجاریش حزبی سیاسی هۆکارێکە بۆ خزمەتی میللەت.
باسی لەوەش کرد، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێکە لە خەباتی مێژووی میللەتی ئێمە، لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەوانەی لە خەباتی شاخ، دژی دکتاتۆرییەت جەنگاون ئەوانە ڕێزی هێزی پێشمەرگە دەزانن، بەڵام ئەگەر کەسانێک بەشێک نەبووبن لە خەباتی چەکداری و سیاسی دژی ستەمی بەعس، ئەوا ئەو شارەزایەتییەیان نییە لە ڕۆڵی گرنگی پێشمەرگە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەش دا، بوونی پێشمەرگە بە پێی دەستوور بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراقی لە شەڕی داعش و ئارامیی عێراق، پێشمەرگە بەغدای پاراست تاوەکوو دەوڵەتی عێراق دروست بووە.
عەلی حوسێن ڕاشیگەیاند، ئەو قسانەی حەلبووسی زیاتر بابەتێکی سیاسییە بۆ خۆی، چونکە کۆمەڵێک گرفتی سیاسیی لەنێو ماڵی خۆی و شیعە هەیە، نەک هەر حەلبووسی بەڵکو زۆربەی لایەنەکانی دیکەی عێراق، دەیانەوێت بابەتی کوردستان بکەن بە کاغەزێکی سیاسیی بۆ دەستکەوتی سیاسی خۆیان.