کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: 180 هەزار کارتی دەنگدان تەواو بوون
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوا لە دەنگدەران دەکات کارتەکانیان وەربگرنەوە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، 180 هەزار کارتی دەنگدان تەواو کراون، بەڵام خاوەنەکانیان وەریان نەگرتووەتەوە، هەربۆیە لە ڕێگەی کوردستان24 و دامەزراوە مێدیاییەکانی دیکەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکات سەردانی بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگدان.
عامر موسا حسێنی، سەرۆکی لێژنەی ناوەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوا لە دەنگدەران دەکات سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن بۆ ئەوەی کارتەکانیان وەربگرنەوە و بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.
دەشڵێت: تاوەکوو ڕۆژی دەنگدان بەردەوام دەبین لە پێدانەوەی کارتەکانی دەنگدان بە هاووڵاتییان، بەڵام بۆ ئەوەی فشارێکی زۆر دروست نەبێت، باشتروایە هاووڵاتییان بەر لە ڕۆژی دەنگدان سەردانی بنکەکان بکەن و کارتەکانیان وەبگرنەوە.
عامر موسا حسێنی، ئەم قسانەی لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و نوێنەری دامەزراوە مێدیاییەکانی کوردستان باس کردووە، کە نوێنەری کوردستان24ی تێدابوو.
26ی حوزەیرانی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و بڕیارە 20 مانگی داهاتوو پرۆسەکە بەڕێوە بچێت، بەگوێرە ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوو ملیۆن 899 هەزار و 578 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەری گشتیین و 215 هەزار و 960 دەنگدەری تایبەتن.
هەروەها کۆمیسیۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەزار و 431 ناوەند دەنگدان دەکاتەوە کە هەزار و 266 ناوەند بۆ دەنگدانی گشتی و 165 ناوەندیش بۆ دەنگدانی تایبەتە.