قایمقامی ڕواندز: سەرەڕای قەیران، حکوومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی ناوچەکان

ئەحمەد قادر، قایمقامی ڕواندز
ئەحمەد قادر، قایمقامی ڕواندز

قایمقامی ڕواندز ڕایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی قەیران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی ئاو، ڕێگەوبان و کارەبا، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەبووە.

پێنج شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، ئەحمەد قادر، قایمقامی ڕواندز، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردەکانی سەرۆک وەزیران ئەولەویەتی کارەکانمان گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە بە هۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان نەتوانراوە خزمەتگوزارییان پێ بگات.

ئەو قایمقامە دەڵێت: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی کوردستانی گرتەوە بەردەوام بووە لە گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی ئاو ڕێگەوبان و کارەبا، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، بەتایبەتیش دوای دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پاڵپشتی ئیدارە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان.

قایمقامی ڕواندز دەشڵێت: ئێمە توانیومانە خزمەتگوزاری باش پێشکەش و جێبەجێ بکەین و پشکی شێریش زیاتر بە گوندەکان بکەوێت، ئەویش زیاتر بە گەیاندنی ڕێگەوبانی گوندەکان بۆ ئەوەی گوندەکان زیاتر ببوژێنەوە و بایەخی زیاترییان پێ بدرێت تاکوو ببنە سەرچاوەی داهات و هەلی کار بۆ هاونیشتیمانیان دابین بکەن و زیاتر ئاوەدان ببنەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، ڕێگەوبانەکان بوونەتە کاری سەرەکیی ئێمە، ئەمساڵ لە دۆڵی ئاکۆیان کۆمەڵێک پرۆژەی ڕێگەوبان و نۆژەنکردنەوەیانمان خستە واری جێبەجێ کردن، لەگەڵ کۆنکریتکردنی شەقامەکان، لە پلانیشماندا هەیە کار لەسەر کۆنکرێتکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی وەرتێ و گوندەکانیش بکەین.