دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: تەعریب مەترسی لەسەر سەرژمێریی دروست کردووە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان باسی لەوە کرد، تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، مەترسی لەسەر سەرژمێریی گشتی لەو ناوچانە کردووە.
پێنجشەممە، 19-09-2024، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانییان لە کردنی سەرژمێریی گشتیی لە ناوچە کوردستانییەکان هەبووە؛ چونکە بە درێژایی مێژوو سەرجەم ئەو سەرژمێرییانەی کراون، مەرامێكی سیاسییان لە پشت بووە".
فەهمی بورهان باسی لەوەش کرد "هیوادارین حکوومەتی عێراق کار بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی کورد و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، لە ناوچە کوردستانییەکان، بکات".
وابڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، یەکێک لە مەترسییەکان "تەعریب و هێنانی سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراقییە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست بۆ پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان". گوتیشی: داوامان کردووە سەرژمێریی ساڵی 1957 بکرێتە بنەمای سەرژمێریی گشتی لە عێراق.
ئاماری سەرژمێریی ساڵی 1957
بەگوێرەی سهرژمێریی ساڵی 1957ـی عێراق، ژمارهی دانیشتووانی عێراق بریتی بووە لە شەش ملیۆن و 538 هەزار و 199 کەس و کە کورد ڕێژەی 16%ـی پێک هێناوە و عەرەبیش بە شیعە و سووننەوە رێژەی 80%ـی دانیشتووان و تورکمان ڕێژەی 2%ـی دانیشتووانی عێراقیان پێک هێناوە.
لە ئاماری سەرژمێریی ساڵی 1957دا ژمارەی عەرەب لە عێراق بە شیعە و سووننەوە، پێنج ملیۆن و 18 هەزار و 262 کەس بووە و ژمارەی کوردیش ملیۆنێک و 42 هەزار و 774 کەس و تورکمانیش 136 هەزار و 806 کەس و كریستیانهكانیش ژمارەیان 206 هەزار و 202 کەس بووە .
لە سەرژمێری ساڵی 1957ـدا، دابهشبوونی دانیشتووان له كهركووك، کورد زۆرینە بووە بە 187 هەزار و 593 کەس و عەرەبیش 109 هەزار و 620 کەس و تورکمانیش 83 هەزار و 371 کەس و کریستیانەکانیش ژمارەیان بە هەزار و 605 کەس.