خالیدە خەلیل: داوا دەکەین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت

خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی
خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی

خالیدە خەلیل گوتەبێژی بارەگای بارزانی دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت بەشداریی لە هەڵبژاردن هەڵپەسارد، نەک بایکۆتی پرۆسەکەی کردبێت، دەبێت هەمووانیش ئەو جیاوازییە بزانن.

خالیدە خەلیل لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی سپۆتنیکی ڕووسی، گوتی: هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی نوێ نییە، بەڵکو ڕیشەکەی بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە و بەراورد بە عێراق زۆر کۆنترە، بۆیە جەختکردنەوە لەسەر بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەگەڵ پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان مەرجێکی گرنگە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.

گوتەبێژی بارەگای بارزانی دەشڵێت: هیوادارین هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و بێگەرد بەڕێوە بچێت، هەرچەندە هەڵبژاردنێکی بێگەرد، مەبەست ساختەکار نییە، بەڵکو مەبەست ڕێزگرتنە لە یاسا و زامنکردنی مافەکانی بەشداریی لە هەڵبژاردن، هەر بۆیە پارتی جەخت لە بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد دەکاتەوە.

لە بارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەشداریی هەڵبژاردنی لەمانی کوردستان، خالیدە خەلیل گوتی: ئەوەی هەبوو بایکۆتی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو هەڵپەساردنی بەشداریی بوو، ئەویش بەهۆی ئەو مەرجانەی سەپێنرابوون، دەبێت جیاوازی لە نێوان هەڵپەساردن و بایکۆت بکرێت. هەڵوێستەکەی پارتیش بەهۆی دەستێوەردانە هەرێمییەکان و هەوڵدان بۆ پشتیوانیی لایەنێکی سیاسیی لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە، بەداخەوە کارێکی نەشیاو بوو؛ بە تایبەت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لایەنگرانە بوو بۆ لایەنێک، چونکە کورسییەکان مافی پێکهاتەکانە و لە بری زیادکردنی کورسییەکان، دادگا بڕیاری نە‌هێشتنی دان. ئەمە و چەند بڕیار و مەرجێکی دیکە هۆکار بوون لەوەی پارتی هەڵوێست وەربگرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت، هەموو لایەنەکان بە گوێرەی ئاست و پێگە دەستکەوتیان هەبێت.

گوتەبێژی بارەگای بارزانی، هیوادارە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بۆ گەڕاندنەوەی مافە یاساییەکانی پێکهاتەکان یاسایەکی تایبەت دەربکرێت و کورسییەکانیان بە گوێرەی دابەشبوونی دانیشتووان دیاریی بکرێت.