لاهای: ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بەشداریی لە کۆنفرانسی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دەکات

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند، لە بارەگای دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە لاهای، بەشداریی لە کۆنفرانسی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دەکەن.
سبەینێ هەینی، 20ی ئەیلوولی 2024، لە بارەگای دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە لاهای، کۆنفرانسی ڕێگەی دادپەروەری: مامەڵەکردن لەگەڵ ئالنگارییەکان و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و ڕۆڵی هۆڵەندا، بە بەشداریی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
سەبارەت بەم کۆنفرانسە، د. دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی یونیتاد، وڵاتان، ڕێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ بە جینۆسایدی ناساندنی ئەو تاوانانەی کە بە سەر ئێزیدیەکان و پیکهاتەکانی دیکەدا هاتووە و فشار دەخەنە سەر حکوومەتەکان بۆ بەردەوام بوون لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنیان بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان. کۆنفرانسی (لاهای)یش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا دێت.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەش کرد "کۆنفرانسەکە لەلایەن تۆڕی یاسایی ئێزیدی بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی فلۆچتلینگ و ڕێکخراوی یەزدا بەڕێوە دەچێت و ئێمە بە فەرمی بانگهێشت کراوین بۆ کۆنفرانسەکە و تێیدا گوتاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکەین، هەروەها چەندین کەسایەتی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەشدار دەبن لەوانە بەڕێز کاسپەر ڤێلدکامپ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، ژمارەیەک سیاسەتمەداری هۆڵەندا، نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەندامانی داواکاری گشتیی ئەورووپا، پسپۆڕانی بواری هاوکاریی مافی مرۆڤ و هاوکاریی مرۆیی و یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی حکوومەتی فیدراڵی و ژمارەیەک لە ڕزگاربووە ئێزدییەکان".
بە گوتەی زێباری "حکوومەتی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەرەکییە دوای کۆتایی پێهێنانی ئەرکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و دەبێتە بەشێک لە هەوڵەکان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی ئیزیدییەکان و گشت قوربانییانی دەستی داعش".