خەمیس خەنجەر: هەرگیز پێشوازیی گەلی کورد لە ئاوارە سوننەکان لەبیر ناکەین

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی ڕایگەیاند "هەڵوێستی گەلی كورد لە مامەڵەی برایانە و مرۆڤانەیان بەرامبەر ئاوارە سوننەکان لە ساڵی 2014 هەرگیز لەبیر ناکەین و بەرز دەینرخێنین".
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-09-2024، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە؛ نووسیویەتی "ئەو پێشوازییەمان لەبیرە كە براكانمان لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 لەو ملیۆنان عەرەبە سوننەیە كردیان كە بەهۆی تیرۆر و كردەوە سەربازییەكانەوە ئاوارە بوون، ئەو پێشوازییە بە بڕیارێكی مرۆیی و مێژوویی لە برامان مەسعود بارزانییەوە بوو".
خەنجەر ئاماژەی بەوەش کردووە "هەڵوێستەكانی گەلی كورد لە مامەڵەی برایانە و مرۆڤانەیان لەگەڵ كەسوكارە ئاوارەكانی خۆیان؛ دەپارێزین و ڕێزی دەگرین و هەمیشە باسی دەكەین".
سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی پێیوایە "نابێت حساباتی تەسكی حزبایەتی و دەستكەوتی حزبی لەسەرووی ئەو بەها ئەخلاقی و هەڵوێستە شەرەفمەندایەوە بێت كە ئەركێكە و دەبێت خاڵی دەستپێكێكی سەرەكی بێت لە مامەڵەكردنمان لەگەڵ هەموو پرسەكان لەچوارچێوەی یەك نیشتیماندا".
— الشيخ خميس الخنجر-المكتب الاعلامي (@alkhanjerMedia) September 19, 2024