زیاتر لە سێ هەزار چەکداری حزبوڵڵا بوونەتە قوربانی؛ پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکرێت

K24 – هەولێر:
بێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنرێت زیاتر لە سێ هەزار چەکدار و ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانی بوونە قوربانی، لە بەرانبەردا پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکرێت. رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزیش لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر دەیەوێت حزبوڵڵای لوبنان پەلکێشی شەڕ بکات و ببێتە پاساوێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر لوبنان.
بەهۆی تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەکانی حزبوڵڵای لوبنان، مەترسییەکانی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل زیاتربوون.
بێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێنرێت زیاتر لە سێ هەزار چەکدار و ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانی بوونە قوربانی. لە بەرانبەر ئەم هێرشانەش پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژ دەکرێت.
رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزیش لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، "تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لێدانێکی بەهێز بوو لە حزبوڵڵای لوبنانی، بەڵام رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستە لێواری مەترسییەوە، "ناتانیاهۆ" دەیەوێت حزبوڵڵای لوبنانی پەلکێشی شەڕ بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی دەیەوێت حزبوڵڵا وەڵامی هەبێت و پاساوێک بداتە سوپای ئیسرائیل، تاوەکو هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان دەست پێبکەن.
دوای تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیجەر، سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و بەشێک لە میدیاکانی ڕۆژئاوا، ئاشکرایان کرد، ئەندامانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد، پێش دروستکردنی پەیجەرەکان، دەستیان گەیشتووەتە کۆمپانیای وەبەرهێنەر و 5 هەزار ئامێریان بۆمبڕێژ کردوون.
ئەم وردیی و دووربینییەی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلیش گومانی دروستکردووە، لەوەی، مۆساد ئەم هەموو کارانەی کردووە بەڵام چۆن بێئاگابووە لەوەی 7ـی ئۆکتۆبەری ڕابردوو چەکدارانی حەماس لە ئاسمان و زەوییەوە ڕژانە ناو خاکی ئیسرائیل، ئەمەش وەک سیناریۆیەکی بۆ هێرشکردنەسەر غەززە و حەماس لێکدەدرێتەوە. ئەوکات و ئێستاش، ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل بە گومانەوە لە رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر دەڕوانن و پەنجەی تۆمەتیش بۆ بنیامین ناتانیاهۆ درێژدەکەن و داوا دەکەن، لەدوای ئەو شکستەی دەست لەکار بکێشێتەوە.