هێمن محەمەد: هەموو سەرژمێرییەکانی لە عێراق کراون دژی کورد بوون

پسپۆری جیۆپۆلەتیک دەڵێت: هەموو سەرژمێرییەکانی لە عێراق کراونبەپێی مێژوو، دژی کورد بوون، دەڵێت: هەر سەرژمێرییەک ڕێژەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان کەمی کردووە، دەشڵێت: داعش زیاتر هێرشی دەکردە سەر ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ئەوەی پاڵ بە کوردە بنێن لەو ناوچانە.
پێنجشەممە 19ـی ئەیلوولی 2024، هێمن محەمەد، پسپۆری جیۆپۆلەتیک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:
لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچەکانی کوردستان دراوە بۆ ئەوەی ڕێژەی کورد لەو ناوچانە کەم بکرێتەوە، گوتی: لە شەڕی داعشیش هێرشەکان زیاتر بۆ سەر ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوون بۆ ئەوەی پاڵ بە کوردە بنێن و ڕێژەی کورد لە ناوچەکە کەم بکەنەوە.
هێمن محەمەد دەڵێت: هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی کێشەی جیۆپۆلەتیک دروست دەکات لە کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد لەو ناوچانە کە بەپێی مێژوو و سەرچاوە مێژووییەکان ناوچەی کوردستانین، بەڵام دەبینرێت کە لە سەرژمێرییەکانی ساڵەکانی 1947 و 1957 و1965 و1977 و1987لە هەموویاندا ڕێژەی کورد کەم بووەتەوە، لەبەرامبەریدا نەتەوەکانی دیکە، بەتایبەت عەرەب لەو ناوچانە کوردستانیانە زیادی کردووە، ئەوەش بە بەرنامە کاری لەسەر کراوە، قۆناغی یەکەم دەرکردنی کوردانی فەیلی بوو لە ناوچەکانی خۆیان، قۆناغی دووەم ناوچەی جەزیرە بوو، قۆناغی سێیەمیش کەرکووک و دەورووبەری بوو، ئەو پرۆسانە وای کرد ڕێژەی کورد لەو ناوچانە کەم بێتەوە.
ئەو پسپۆرەی جیۆپۆلەتیک دەڵێت: ماددەی 140 سێ قۆناغ بوو، هیچ یەک لە قۆناغەکان جێبەجێ نەکران، حکوومەتی عێراق بە بیانووی جۆراجۆر 15 ساڵ سەرژمێریی نەکرد.
گوتی: دەکرێ سەرژمێری 1957 بکرێتە بنەما بۆ سەرژمێری ئەمساڵ، بەڵام لە سەرژمێری ئەوساڵە خانەی نەتەوەییان دەرهێناوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێت گەشەپێدان لەو ناوچانە بکەن.
دەڵێت: حکوومەتی پێشووی عێراق بەهۆی کۆمپانیای نەوت و دۆزینەوەی نەوت و فەرمانبەر کە هاتنە ناوچەکە، بۆ ئەوەی ژمارەی کورد لەو ناوچانە کەم بکرێتەوە.
گوتیشی:هەوڵ دەدرێت خەڵک بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، بەڵام ناوچەکان ئاوەدان نەبوونەتەوە و کار و ژیان نییە، بۆیە خەڵک ناگەڕێتەوە، دەبووا ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو سەرژمێرییەکان دژی کورد بوون بەپێی مێژوو ، چونکە ژمارەی کورد کەمی کردووە، پێچەوانەی نەتەوەکانی دیکە کە زیادیان کردووە.
بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، یەکێک لە مەترسییەکان "تەعریب و هێنانی سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراقییە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست بۆ پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان". گوتیشی: داوامان کردووە سەرژمێریی ساڵی 1957 بکرێتە بنەمای سەرژمێریی گشتی لە عێراق.