سەدا40ـی  پرۆژەی گەیاندنی ئاو لە بەنداوی مووسڵ بۆ بەنداوی دهۆک تەواو بووە

بەنداوی دهۆک
بەنداوی دهۆک

بەپێ راگەیەندراوێکی پارێزگاری دهۆک، کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی کەناڵی ئاو لە گوندی پیرۆمەرا  تاکو دەگاتە بەنداوی دهۆک بەردەوامە.

پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا پرۆژەکە بەرێژەی سەدا40 تەواو بووە، هەوڵدەدەن لە داهاتووێکی نزیکدا پرۆژەکە تەواوبکرێت.

پارێزگاری دهۆک ئاشکرای دەکات، کەناڵەکە بە شێوەیەک دروستدەکرێت کە ئاو لە بەنداوی مووسڵ دەگەیەندرێتە کەناڵی گوندی پیرۆمەرا و لەوێ وەکو تاڤگە دەخرێتە سەر بەنداوی دهۆک.

پارێزگای دهۆک ئاشکرای دەکات، سەرباری گەیاندنی ئاو بۆ بەنداوی دهۆک، پرۆژەکە گەشتیاریش دەبێت چونکە سیمایەکی جوان بە شاری دهۆک دەدات و ڕۆژانە ژمارەیەک گەشتیاریی ناوخۆ و بیانی سەردانی ناوچەکە دەکەن.

پارێزگای دهۆک ڕایدەگەیەنێت: پرۆژەکە بە پێشنیازی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بە گوژمەی ملیارێک و 79 ملیۆن دینار بەردی بناغەی بۆ دانراوە كە ئاو لە بەنداوی مووسڵ بۆ بەنداوی دهۆک دەگوازێتەوە.

لە 13 گۆلانی 2024، پارێزگاری شارەکە بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردی بناغەی پڕۆژەكەی داناوە کە پێشتریش زیاتر لە 26 ملیار دیناری تێدا خەرج کراوە.

پرۆژەی گەیاندنی ئاو لە بەنداوی مووسڵ بۆ بەنداوی دهۆک لە کاتژمێرێکدا توانای هەیە دوو هەزار مەتر سێجا ئاو پاڵ بدات، سوودێكی زۆریش بە دانیشتووانی پارێزگای دهۆک و کەرتی گەشتیاریی دەگەیەنێت.