تەندروستی جیهانی: هێرشە ئەلیکترۆنییەکە گورزێکی گەورەی لە کەرتی تەندروستی لوبنان داوە
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ: هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پێجەری پەیوەندیکردن، گورزێکی گەورەی لە کەرتی تەندروستی لوبنان داوە و بە تەواوی کەرتەکەی شڵەژاندووە.
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە دەسەڵاتی تەندروستی لوبنانەوە دەستیان کەوتووە، بەهۆی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیەی کراوەتە سەر ئەو ناوچانەی بە مۆڵگەی چەکداران و ئەندامانی حزبوڵلا ناسراون، 37 کەس کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەدهانۆم گوتیشی: زۆری ژمارەی بریندارەکان فشارێکی زۆریان لەسەر ناوەندە تەندروستییەکان دروستکردووە و ڕێکخراوەکەی بە پەلە خوێن و دەرمان و پێویستییە تەندروستییەکانی دیکەیان بۆ لوبنان دابین کردووە.
هەروا عەبدولناسر ئەبوبەکر نوێنەری فەرمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە لوبنان ئاماژەیداوە، بریندارانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکە لە سەرتاسەری لوبنان بەسەر نزیکەی 100 نەخۆشخانە دابەشکراون.
نوێنەرەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ: کۆگاکردنی هاوکارییە بە پەلەکان و زنجیرەیەک مەشق و ڕاهێنانی پێشوەختە بە تیمە تەندروستییەکان، هاوکارێکی باش بوون بۆ ئەوە فشارەکانی سەر کەرتی تەندروستی تاڕادەیەک کەمتر بکرێتەوە.
پێشووتریش وەزیری تەندروستی لوبنان، فیراس ئەبیەز دوا ئاماری قوربانیانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ڕایگەیاندبوو، کە 37 کوژراو و سێ هەزار 539 بریندار هەن، لە نێویاندا 12 کەس لە ڕۆژی سێشەممە لە یەکەم هێرشی ئەلیکترۆنیدا کوژران، ڕۆژی دواتریش (چوارشەممە) لە دووەم هێرشدا 25 کەسی دیکەی کوژران.
هەروەها ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەی بە خوێناویترین هێرش ناوبرد لەوەتە شەڕی چەکدارانی حزبوڵلا و سوپای ئیسرائیل پەرەی سەندووە کە نزیک دەبێتەوە لە ساڵێک.