ترسی هێرشێکی ئەلیکترۆنی هاوشێوەی لوبنان، عێراق دەهەژێنێت
ترس لەوەی ئامێرە بێتەلەکانی دەستی هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی عێراق وەک بۆمب و چەکێک لە دژیان بەکار بهێنرێت و هاوشێوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی لوبنان کارەساتی لێ بکەوێتەوە، شڵەژانێکی لە نێو دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراق دروستکردووە.
ئامێری بێتەل و تەکنەلۆجیای پێشکوتوو، هەنگاوەکانی حکوومەتی عێڕاقیان چڕکردۆتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و هۆشیاری دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکان، بۆ ئەمەش ناوەندە ئەکادیمیەکان هۆشیاری و ڕێنمایی بڵاو دەکەنەوە، تاکو خۆیان بپارێزن لە دزەپێکردنی هەر داتا و زانیارییەک، چونکە بڕوایانوایە هێرشەکە ئەلیکترۆنییەکەی لوبنان مەترسیەکی گشتیی دروستکردوە.
شارەزایانی بواری ئەمنی، هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی سەر لوبنان بە پەیامێک دەزانن کە دەکرێت لە ڕێگەی ئامێرە بێتەل و ئەلیکترۆنییەکانەوە هێرشی کوشندە و خوێناوی بکرێت.
نەجم قەساب، شارەزای بواری ئەمنی دەڵێ "بە ھەزاران كەس لە لوبنان بریندار بوون، ئەمە بۆ خۆی پەیامێکە و هۆشیارمان دەکاتەوە لەوەی ئەم وڵاتانە ئاسایشیان پارێزراو نییە، هەر بۆیە پێویستە لێژنەی تایبەتمەند هەبن بۆ چاودێری و هەڵسەندگاندنی کامێرا زیرەکەکان و ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی هاوردە دەکرێن، بۆ ئەوەی هەمان هێرشی ئەلیکترۆنی سەر لوبنان لە عێراقیش دووبارە نەبێتەوە".
عێراق لە زۆربەی وڵاتانەوە ئامێری ئەلیکترۆنی بە کوالێتی جۆراوجۆر هاوردە دەکات، کە لەلایەن تەواوی هێزە ئەمنیەکان و کۆمپانیا تایبەتەکان و تەنانەت هاووڵاتییانیشەوە بەکار دەهێنرێن، فرۆشیارێکی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیش دەڵێ بەگوێرەی ڕێکار و ڕێنماییەکان کەلوپەل هاوردە دەکەن.
نوور ئەحمەد، فرۆشیاری ئامێری بێتەل و ئەلیکترۆنی دەڵێ "ئێمە لەگەڵ نوێنەری فەرمی کۆمپانیا ناسراو و تۆمارکراوەکان مامەڵە دەکەین کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە، هەموو ئامێر و کەلوپەلەکانیشمانەوە لە ڕێگەی ئەوانەوە هاوردە دەکەین، بۆ ئەوەی هەم مافی خۆمان و کڕیارەکان و هەم مافەکان دەولەتیش پارێزراو بێت".
ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە دوو ڕۆژی لەسەر یەکدا، هێرشێکی ئەلیکترۆنی فراوان سەرتاسەری لوبنانی گرتەوە و بە هەزاران ئامێری بێتەلی پەیوەندی لە جۆری پێجەر تەقێندرانەوە و بەگوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان 37 کەس کوژراون و سێ هەزار 539 کەسی دیکەش برینداربوون و بەشێکیان برینەکانیان سەختە، هەروا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیرووت یەکێکە لە بریندارەکان و لەگەڵ نزیکەی 100 برینداری دیکە بۆ چارەسەری تەندروستی گواستراونەتەوە تاران.