مەسرور بارزانی: هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت چۆنیەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دیاری بکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی عەرەبی حەدەس باس لە چەند پرسێکی هەنووکەیی دەکات و جه‌خت دەکاتەوە، کە ئەگەر نیازێک لەلایەن بەغداوە هەبێت ئەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە و چارەکردنی ناکۆکییەکان ئاسانە، هەروەها هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت چۆنیەتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دیاری بکات.

بڕیارە تەواوی چاوپێکەوتنەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 6:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بە کاتی هەولێر لە کەناڵی حەدەس پەخش بکرێت.

مەسرور بارزانی: بوونی پەکەکە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا نییە

سەرۆک وەزیران لە بارەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دەڵێ: ڕێککەوتننامەی شنگالمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق ئیمزا کرد، بەڵام جێبەجێ نەکراوە و مانەوەی پارتی کرێکارانیش بووەتە ڕێگر لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

هەروەها ئاماژەی داوە، پارتی کرێکاران لەو ناوچانە بڵاو دەبنەوە، کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو ئەجێندایەوە نییە بانگەشەی بۆ دەکەن، هەر بۆیە بوونی پەکەکە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا نییە.

مەسرور بارزانی: هیوادارم سەردانەکەی پزیشکیان سەرەتایەک بێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان

سەبارەت بە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی حەدەس گوتی: سه‌ردانەکەی سەرۆکی ئێران ڕووداوێکی گرنگ بوو و هیوادارم ببێته سەرەتایەکی باش بۆ پەرەپێدان و پەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان.

گوتیشی: لەو هێرشە مووشەکیانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان هەڵوێستمان ڕوون بوون، کە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەرێم نییە، هەر بۆیە هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان نادادپەروەرانە بوو، تۆمەتەکانیش ناڕەوان، داواشمان لە ئێران کردووە ئەو تۆمەتانە بە بەڵگە بسەلمێنێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەو تۆمەتانە پێشکەش نەکردووە.

مەسرور بارزانی: کەسانێک هەن بڕوایان بە فیدرالیزم نییه‌

مەسرور بارزانی: کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا زۆر لەوە گەورەترە تەنیا لە مووچە و نەوت کورت بکرێتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و مافی پێکهاتەکان، دەڵێ: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان هیچ پەیوەندییەکی بە دەستوورەوە نییە، بەڵام کەسانێک هەن پێیان وایە حوکمڕانی دەبێت ناوەندگەرایی (مەرکەزی) بێت و بڕوایان بە فیدرالیزم نییە.

سەرۆک وەزیران دەڵێ: عێراق وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە و دەبێت بە هاوبەشی ڕاستەقینە بەڕێوە ببرێت، هەروەها لە نووسینەوەی دەستوور کورد بەشدار بووە و پابەندیشن بە جێبەجێکردنی وەک خۆی، بەڵام جیا لە کورد پێکهاتەی دیکەش هەن و لەو باوەڕەدان کە دەستوور هەموو مافێکیانی مسۆگەر نەکردووە، هەربۆیە دەستوور چارەی کێشەکان لەخۆ دەگرێت و ناکرێت لایەنگیری تێدا بکرێت لە بەرژەوەندی لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە بەکار بهێنرێت.

سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی حەدەسی سعوودی، دەڵێ: هەرچەندە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی زیاتر لە 19 ملیار دۆلاری بە ئابووری و داهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بەڵام کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا زۆر لەوە گەورەترە تەنیا لە مووچە و نەوت کورت بکرێتەوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئیستا لەم سەردەمەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، هەربۆیە ئەگەر نیازی چارە لەلایەن بەغدا هەبێت، ئەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە و چارەسەرەکەش ئاسانە، چونکە هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت چۆنیەتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دیاری بکات.