دیندار زێباری: پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هێنانەدیی دادپەروەری بۆ قوربانییانی دەستی داعش گرنگە
K24 – هەولێر:
لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش لە بارەگەی دادگەی دادی نێودەوڵەتیی لە (لاهای) ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی دەکاتەوە: کە پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هێنانەدیی دادپەروەری بۆ قوربانییانی دەستی داعش گرنگە.
ئەمڕۆ هەینی 20ی ئەیلوولی 2024 لە بارەگەی دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە (لاهای) لە وڵاتی هۆڵەندا کۆنفرانسی (ڕێگەی دادپەروەری مامەڵەکردن لەگەڵ تەحەددیات و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و ڕۆڵی هۆڵەندا) بە بەشداری شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە کۆنفرانسەکە چەندین کەسایەتی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەشدار بوون لەوانە کاسپەر ڤێلدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، ژمارەیەک سیاسەتمەداری هۆڵەندا، نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەندامانی داواکاری گشتی ئەورووپا، پسپۆرانی بواری هاوکاری مافی مرۆڤ و هاوکاری مرۆیی و یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی، نوێنەرانی حکوومەتی ئیتحادی و ژمارەیەک لە رزگاربووە ئێزدییەکان.
لە کۆنفرانسەکەدا د.دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە نوێنەرایەتی حکوwمەتی هەرێم گوتارێکی پێشکەش کرد، لە دەستپێکی گوتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ئەم کۆنفرانسە هەوڵێکە بۆ چارەکردنی بابەتێکی چارەنووسساز، ئەویش داهاتووی کۆمەڵگەی ئێزیدی و گەڕانە بەدوای ستراتیژییەکان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری، و پشتیوانی بۆ ڕزگاربووان، ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە زۆر گرنگن، چونکە ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگی ڕزگاربووان دەبیسترێت و پێداویستییەکانیان دابین دەکرێت. جێگای خۆشحاڵییە تا ئێستا چەندین وڵات ڕەفتارە دوور لە مرۆڤایەتییەکانی داعشیان بە جینۆساید ناساندووە لەوانە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمەریکا، کەنەدا، یەکێتی ئەورووپا، فەرەنسا، بەلجیکا و ئەرمینیا.
سەبارەت بە هەماهەنگی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کەیسی تیرۆریستان، ناوبراو گوتی: دوای دامەزراندنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) هەماهەنگیمان لەگەڵیان هەبووە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەتحاڵەکان و تیرۆریستان و ئەنجامدانی پرۆژەی بە دیکیۆمێنتکردنکردنی تاوانەکانی داعش بە سیستەمێکی تەکنەلۆجی پێشکەوتوو تاوەکوو لە پرۆسەی دادگەییکردنی تیرۆریستان سوودیان لێ ببینرێت، لەم ڕووەوە توانراوە (24٫965) فایل و (408٫540) لاپەڕە دیکیۆمێنت بکرێن.
یونیتاد ئەو دڕندەییانەی لە دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی ئەنجامدراون بە جینۆساید ناوی بردووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکات بۆ داننان بەو تاوانانەی کە دەرهەق ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامدراون.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداری زیاتر لە 2 ملیۆن پەنابەر ئاوارەی ناوخۆیی کرد. تا ئێستاش (730٫930) کەسیان لە هەرێم نیشتەجێن کە زیاتر لە (150) خوشک و برا ئێزدییەکانن. بەشێکی زۆریان بەپێی ئەو بەرنامە و ئاسانکاریەی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە دانراوە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان. حکوومەتی هەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بە ڕێزگرتن لە مافەکانیان و دادپەروەری ڕاگوزەر و هاتنەدیی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بە کەرامەتەوە بگەڕێنەوە.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: لە رووی یاساییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان ئامادە کرد. هەرچەندە ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان وئەنجوومەنی ئاسایش پشتیوانی لێکر و خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کرا، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە رەت کرایەوە. پڕۆژە یاساکە گرنگ بوو، چونکە بڕگەیەکی پێشنیارکرابوو بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لەسەر تاوانەکانی وەک جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ. لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بەپێی یاسای دژە تیرۆر ژمارە 3ی ساڵی 2006 مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی تیرۆر دەکات و بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان (1246) دۆسیەی تیرۆری لە هەرێمی کوردستان دادگایی کردووە، لەوانە (1225) پیاو و (21) ئافرەت بوون.
سەبارەت بە رزگارکردنی رفێندراوان وتی: ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەیان لە پێشینەى کارەکانى حکومەتى هەرێمە. تا ئێستا (3579) کەس ڕزگار کراون، بەڵام هێشتا (2596) بێسەروشوێنن هەروەها پاڵپشتی دەروونی کۆمەڵایەتی ڕزگاربووان کراوە و لە سەنتەری چارەسەری دەروونی دهۆک گشتیان تۆمار کراون، هەروەها زیاتر لە (1200) ڕزگاربوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەری دەروونی، و زیاتر لە (3500) لە رزگاربووان بەبڕیاری بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم مانگانە هاوکاری دەکرێن.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ئاماژە بەوە کرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانى بەرچاوى داوە بۆ شکست پێهێنانی داعش و رزگار کردنەوەی ناوچەکان و لەم پێناوەدا زۆری داوە کە گەیشتە (1814) شەهید و (10725) بریندار و (44) پێشمەرگەش تائێستا بێسەروشوێنن.
لە کۆتاییدا وتارەکەیدا ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی : پابەندبوونمان بە پاراستنی ئێزیدییەکان و گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان نەگۆڕ و بەردەوامە و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین. سەرەڕای ئەو تەحەدیاتانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، لێرەدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بن بۆ دانانی میکانیزمێکی یەکگرتوو بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە ئەمەش وەک ڕێزێک دەبێت بۆ خۆڕاگری ئێزیدییەکان وگشت قوربانیانی دەستی داعش دەگرین و بەها هاوبەشەکانمان لە دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتی.