لە ئەمهریکا پزیشکێکی کورد دوو پۆستی گرنگ وەردەگرێت
پزیشكێكی كورد وەک سەرۆکی دامەزراوەی جگەر و پەنکریاس و زەردانی ئەمریکی و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵەی ئەمهریکی بۆ پزیشکانی نەشتەرگەریی چاندنی ئەندامی جهسته هەڵبژێردرا.
پرۆفیسۆر غازی زێباری کە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا نیشتەجێیە، لە ساڵی 2022ـدا خەڵاتی داهێنانی پزیشکی لە نیویۆرک بە دەست هێنا، لە کۆی سێ هەزار پزیشک لە زیاتر لە 100 وڵات کە کێبڕکێیان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە کرد.
هەروەها خەڵاتی باشترین پزیشکی لە ویلایەتی لویزیانای ئەمهریکا بۆ ساڵی 2021 بە دەست هێناوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە دەنگی پزیشکانی ئەو ویلایەتە "بەهۆی پراکتیزەکردنی پیشەی پزیشکی بە شێوەیەکی زانستی و پیشەیی."
غازی زێباری لە ساڵی 1976ـوه لە ویلایەتی لویزیانا لە ئەمهریکا نیشتەجێیە و پۆستی سەرۆکی بەشی نەشتەرگەری و بەڕێوەبەری پرۆگرامی پزیشکی لە یەکێک لە زانکۆکانیدا ھەیە، ھەروەھا بەڕێوەبەری سەنتەری جۆن ماکدۆناڵده کە تایبەتە بە نەشتەرگەری و چاندنی ئەندامەکانی مرۆڤ.
لە شوباتی 2016 لەگەڵ ژمارەیەک پزیشکی ئەمهریکی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ هێزی پێشمەرگە، ئەمە جگە لە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە داهاتیان سنووردارە.
هەروەها لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا کەمپینێکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی کوردستان ڕێك خستبوو.