نەتەوە یەکگرتووەکان: تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە

ئاژنسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی ئیدانە کرد و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی وەسف کرد.
کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک، لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، یاسا نێودەوڵەتییەکان "تەقاندنەوە"ی ئامێرە مەدەنییەکان قەدەغە دەکات.
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە جەزائیر داوای کردبوو، تورک گوتی: "کردەوەی توندوتیژی بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی تیرۆر لەناو خەڵکی مەدەنیدا تاوانی جەنگە".
پێشتر فیراس ئەبیاد، وەزیری تەندروستی لوبنان، ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەی ئامێرە پەیوەندییەکانی "پەیجەر" لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا کە ئەندامانی حزبوڵڵا بەکاریان هێناوە، بۆ 37 کوژراو و سێ هەزار و 539 بریندار بەرز بووەتەوە.
وەزیری تەندروستی ڕوونیشی کردەوە، لە شەپۆلی یەکەمی تەقینەوەی پەیجەرەکانی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوودا، 12 کەس گیانیان سپاردووە، هەروەها لە شەپۆلی دووەمی تەقینەوەکاندا 25 کەس کوژراون.
هەروەها کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە لێپرسینەوە" لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسن لە تەقاندنەوەی ئامێرە پەیوەندییەکانی حزبوڵلای لوبنانی.
ڕاشیەگیاند "پەلاماردانی هەزاران کەس لە یەک کاتدا، جا هاووڵاتی مەدەنی بێت یان ئەندامانی گروپە چەکدارەکان، بەبێ ئەوەی بزانرێت کێ ئامێرەکانی لەبەردەست دایە و شوێنەکەیان و ئەو ژینگەیەی کە تێیدا بوون، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤە".