لە پێنج کیشوەری جیهان شەڕ و ململانێی چەکداری بەردەوامە

لە پێنج کیشوەری جیهان شەڕ و ململانێی چەکداری بەردەوامە
لە پێنج کیشوەری جیهان شەڕ و ململانێی چەکداری بەردەوامە

لە دەیەی سێیەمی سەدەی 21ـە و تا ئێستە، ئاشتی لە جیهاندا سەقامگیر نەبووە و ئێستە لە چەندین وڵات شەڕ و ململانێی بەردەوام هەیە. 

لە کۆی حەوت کیشوەری جیهان، لە پێنج کیشوەر شەڕ و ململانێ هەیە و زۆرینەی ئەو وڵاتانەی شەڕ و ململانێیان تيدایە؛ وڵاتانی کیشوەری ئاسیان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو جەنگ و ململانێیەی ئێستا لە کیشوەری ئەورووپا هەڵگیرساوە بریتییە لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە نزیکەی دوو ساڵ و شەش مانگە بەردەوامە.

لە کیشوەری ئاسیا، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەدەست ململانێی ناوخۆ و هەڕەشەی ڕێکخراوی داعش دەناڵێنێت و دوای شەش ساڵ لە تێکشکاندنی داعش لە عێراق، تا ئێستا هەڕەشەی ئەو ڕێکخراوە بەردەوامە.

جەنگی ئیسرائیل و حەماس کە نزیکەی 11 مانگ و نیوە بەردەوامە.

ململانێی ئیسرائیل و حزبوڵڵا کە ڕۆژێک دوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ کرد و خەریکە دەگاتە لێواری جەنگێکی فراوان.

ململانێ و ناسەقامگیری لە سووریا کە 13 ساڵ و شەش مانگ لەمەوبەر شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە دەستی پێ کرد و تا ئێستەش بەردەوامە و وڵاتەکە دابەش بووە و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیەوە.

لە کیشوەری ئەفریقا، شەڕی ناوخۆی سوودان کە ساڵێك و پێنج مانگە بەردەوامە و تا ئێستا ئاسۆیەك بۆ کۆتایی هاتنی ئەو شەڕە بەدی ناکرێت.

هەروەها لە کیشوەری ئەمەریکای باکوور، بەهۆی چالاکی گرووپە چەتەییەکان و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان؛ مەکسیک بە دۆخێکی ناجێگیردا تێدەپەڕێت.

لە کیشوەری ئەمەریکای باشوور، دۆخی کۆلۆمبیا بەهۆی گرووپە چەتەییەکان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر تێك چووە و زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس لەناوچەی شەڕ دەژین.