سەرۆک کۆماری ئێران: هیچ هێزێک ناتوانێت هێرش بکاتە سەر ئێران
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە ڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی، دەتوانین ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببینەوە، جەختیش دەکاتەوە، هیچ هێزێک ناتوانێت هێرش بکاتە سەر ئێران.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نمایشێکی سەربازی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 44 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی عێراق- ئێران لە تاران بەڕێوە چوو. لە گوتارێکیشدا مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند "هێزی بەرگریی ئێران وایکردووە، هیچ ئەهریمەنێک نەتوانێت هێرش بکاتە سەر خاکەکەی".
گوتیشی: بە هەموو جیهان دەڵێین، ئێمە جگە لەوەی دەتوانین بەرگری لە خاکی وڵاتەکەمان بکەین، هاوکات لە ڕێگەی یەکێتیی نێوان وڵاتانی ئیسلامی دەتوانین بەرگری لە ئاسایشی ناوچەکە بکەین.
ئاماژەی بەوەش دا، لە ڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەنێوان وڵاتانی ئیسلامی دەتوانین کۆتایی بەو خوێنڕێژییەی ئیسرائیل بهێنین.
لە 21ی ئەیلوولی ساڵی 1980 شەڕ لەنێوان عێراق و ئێران دەستی پێ کرد، کە بەهۆیەوە نزیکەی ملیۆنێک کەس کوژران و بە ملیاران دۆلاریش زیان بە ئابووری هەر دوو وڵات کەوت.