گۆڕانی کەش و هەوا، هەزاران ئەڵمان دێنێتە سەر شەقام
خۆپیشاندەران لە شارەکانی بەرلین، هامبۆرگ و بۆن داوایان لە حکوومەتەکەی ئۆلاف شۆڵتز کرد کۆتایی بە بەکار هێنانی نەوت و خەڵوز و گاز و وەبەرهێنانی سووتەمەنی بەردینی بهێنێت، هەندێکیان لافیتەیان بەدەستەوە بوو کە لەسەریان نووسرابوو "داهاتوومان ڕزگار بکە" و "سەرەتا زەوی".
بزووتنەوەی "ڕۆژانی هەینی لە پێناو داهاتوو" ڕایگەیاند، زیاتر لە 75 هەزار کەس لە نزیکەی 110 شارۆچکە و شاری سەرتاسەری وڵات خۆپیشاندانیان کرد.
کارلا ڕیمتسما، گوتەبێژی بزووتنەوەکە ڕایگەیاندووە "ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان گرنگترین ئامرازن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان".
بزووتنەوەکە، لە ساڵی 2018 دەستی بە چالاکیەکان کرد، کاتێک چالاکوانی سویدی گرێتا تونبێرگ هەموو هەینییەک لە دەرەوەی پەرلەمانی سوید چالاکیی دەکرد و داوای هەوڵی زیاتری پاراستنی کەشوهەوا دەکرد.
ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی هەینی دوای ئەوە هات کە زریانی بۆریس لەم مانگەدا گەیشتە بەشێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، کە 24 کەس بەو هۆیەوە گیانی سپارد.
سێباستیان بۆک، یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان لە بەرلین بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاند:لافاوەکان بیرخستنەوەیەکن کە کاریگەرییە کارەساتبارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئێستاوە هەستیان پێ دەکرێت.
باسی لەوەش کرد " ئەو لافاوە بەهێزانەی بینیومانە، زیاتر بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ڕوودەدەن".