سەرکردەیەکی حزبوڵلای عێراق لە هێرشێکی ئیسرائیل لە سووریا کوژرا

دیمەشقی پایتەختی سووریا ئامادەکارییەکانی پێش هەڵبژاردنی گشتی
دیمەشقی پایتەختی سووریا ئامادەکارییەکانی پێش هەڵبژاردنی گشتی

سەرکردەیەکی حزبوڵلای عێراق لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل لە دیمەشق کوژرا.

کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراق لە ڕایگەیاند "یەکێک لە سەرکردەکانیان، کە وەک ڕاوێژکاری ئەمنیی کەتیبەکە لە دیمەشق کاری دەکرد، لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل کوژراوە".

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە "ئەو سەرکردەیەی حزبوڵڵا ناوی ئەبو حەیدەر خەفاجییە و سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بۆسەر دیمەشق کوژراوە".

حزبوڵلای عێراق لە ڕاگەیێندراوەکەدا جەختی کردووەتەوە، ئەوان لە پشتیوانیی خەباتی گەلی فەڵەستین دژ بە ئیسرائیل، بەردەوام دەبن.

لە دوای هێرشی بزووتنەوەی حەماس لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆسەر ئیسرائیل و دواتریش هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر حەماس، بەشێکی زۆر لە گرووپ و میلیشیاکانی عێراق پشتیوانیی خۆیان بۆ حەماس ڕاگەیاندووە و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیش پەلاماری خاکی ئیسرائیل دەدەن.