ڕاوێژکارێکی وەزارەتی دارایی: ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 658 هەزارە

راوێژکارێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا 658 هەزار و 189 فەرمانبەری هەیە، نەوەک ملیۆنێک فەرمانبەر.
شەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024، د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند، حکوومەتی عێراق چوار ملیۆن و 74 هەزار و697 فەرمانبەری هەیە، لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا 658 هەزار و 189 فەرمانبەری هەیە.
سەبارەت بە کۆی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئەو ڕاوێژکارەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، کۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێکە، کە مووچەی فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکوومەت، چاودێری کۆمەڵایەتی، خانەنشین، شەهیدان و ئەنفالکراوان لەخۆدەگرێت، لەکاتێکدا بە پێی خشتەی "جیم" لە یاسای بودجە حکوومەتی عێراق بە تێکرای فەرمانبەرانی چاودێری کۆمەڵایەتی و شەهیدان و خانەنشین و مووچە خۆر زیاترە لە چوار ملیۆن مووچەخۆر.
ئاماژەی بەوەشدا، جیاوازی لەنێوان فەرمانبەر و مووچەخۆردا هەیە، بەشێکی زۆر لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان مووچەکەی ئەنفالکراوان و شەهیدان وەردەگرن، بەڵام فەرمانبەر نین.
ڕۆژی پێنجشەممە، 19-09-2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی ڕایگەیاند، بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە چوار ملیۆن و 100 هەزار فەرمانبەر مانگانە مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وەردەگرن.
بە گوێرەی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیش، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەبێت؛ لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی فیدراڵییە.