سزای زیندانی 10 ساڵ بەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نەجەف سەپێندرا
دەستەی دەستپاکی عێراق، سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بە غیابی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نەجەف و سێ لە ئەندامانی پێشوو ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەش کرد سزادراوەکان لە گرێبەستێکدا بە بەهای 72 ملیۆن دۆلار گەندەڵیان کردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە بەیاننامەیەکەدا بڵاوی کردەوە "دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەند، سزای 10 ساڵ زیندانی بە غیابی و پێبژاردنی 10 ملیۆن دینار بۆ هەریەک لە سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نەجەف "فائد کازم نوون حوسێن شەمەری" و سێ ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە بریتین لە "حوسێن نیعمە خەشان شناوا زاملی، کەریم خەساف ستار خەفاجی، مستەفا موعن سەعید تریحی"، بە بیانووی ئەوەی کە پابەندبوون پێشێلکارییەکانی گرێبەستی ئامادەکردنی دیزاین و بەیاننامە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی نوێی فڕین بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و ڕێڕەوی تاکسیەکان بکرێت.
دەستەکە باسی لەوەش کردووە "بەهای گرێبەستەکە بە بڕی 71 ملیۆن و 959 هەزار دۆلاری ئەمەریکی بووە، بە بانگهێشتکردنی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی کۆمەڵەیەکی کۆمپانیاکان کراوە، و پڕۆژەکە وەک تەندەرێکی گشتی ڕانەگەیەندراوە، بۆ ئەوەی زۆرترین کەس ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی پرۆژەکە بکات.
لە پێشێلکارییەکی ڕوونی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکوومییەکانی ژمارە 2ـی ساڵی 2014، جگە لە نەبوونی خشتەی وردی بڕی و تایبەتمەندی تەکنیکی و نەبوونی کاری هاوشێوە بۆ ئەو کۆمپانیایانە کە پڕۆژەکەیان پێ سپێردراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەرخانکردنەکە لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا کراوە کە بە (10%)ی بەهای گرێبەستەکە خەمڵێندراوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە "دادگا، دوای پێداچونەوە بەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا هەبوون، بڕیاری زیندانی بۆ ماوەی 10 ساڵ و سزای پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری لە دژی ئەو تۆمەتبارانە دەرکرد".