مانگی داهاتوو تۆمەتبارێکی داعش لە هۆڵەندا دادگایی دەکرێت

دادگای لاهای
دادگای لاهای

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ڕایدەگەیەنێت: مانگی داهاتوو تۆمەتبارێکی داعش لە هۆڵەندا دادگایی دەکرێت.

میانەی بەشداری کردیان لە کۆنفڕانسی ڕێگای دادپەروەری: مامەڵەکردن لەگەڵ تەحەددیات و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و ڕۆڵی هۆڵەندا کە لە بارەگای دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای بەڕێوەچوو، د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ کاسپێر ڤێڵد کامپ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا، ئەندامانی داواکاری گشتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چاویان بەیەک کەوت.

بەپێی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و پشتیوانی بۆ ئێزدییە ڕزگاربووەکان و گەیاندنی دەنگی ڕزگاربووان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، گوتیشی:  جێگای خۆشحاڵیمانە تا ئێستا چەندین وڵات رەفتارە دوور لە مرۆڤایەتییەکانی داعشیان بە جینۆساید ناساندووە، لەوانە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا، یەکێتی ئەوروپا، فەرەنسا، بەلجیکا و ئەرمینیا.

دیندار زێباری ئەوەشی خستەڕوو کە، ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەی ڕفێندراوان لە پێشینەى کارەکانى حکوومەتى هەرێمە، تا ئێستا (3579) کەس ڕزگار کراون، بەڵام هێشتا (2596) بێسەروشوێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانى بەرچاوى داوە بۆ شکست پێهێنانی داعش و ڕزگار کردنەوەی ناوچەکان، وەک  (1814) شەهید و (10725)  بریندار و (44) پێشمەرگەش تائێستا بێسەروشوێنن .

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، دوایین ڕاپۆرتی حکوومەتی  ھەرێمی پێشکەش بە کاسپێر ڤێڵد کامپ کرد کە ھەنگاوەکانی ھەماھەنگی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش(یونیتاد) لەخۆ دەگرت.

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە میانەی وتاری خۆیدا کە لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەشی کرد، دووپاتی کردەوە کە کابینەی نوێی حکوومەتی هۆڵەندا بابەتی تاوانەکانی داعش بەهەند وەردەگرێت، کار دەکات لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی دابنێن بۆ تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنیان، ئەمەش یەکێک دەبێت لە هەوڵەکانی هۆڵەندا بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانیانی دەستی تیرۆر.

هۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گرنگییەکی زۆر بە دۆسێی جینۆسایدی ئێزدییەکان و بە فەرمی بە ناساندنی دەدات، بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو، دادگایی کردنی یەکێک لە تۆمەتبارانی بەشداربوو لە تاوانەکانی داعش لە هۆڵەندا بەڕێوە بچێت.

د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ کاسپێر ڤێڵد کامپ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا
د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ کاسپێر ڤێڵد کامپ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا

 

Fly Erbil Advertisment