وەزیری شارەوانی: نەخشەدانانی گردجووتیار تەواو بێت ڕێپێدان بە هاووڵاتییان دەدرێت

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار

وەزیری شارەوانی گەوشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: گردجووتیار لە نەخشەدانانەوەیە، هەر کاتێک نەخشەدانانی تەواو بێت، ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو بە هاووڵاتییان دەدرێت.

شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: کابینەیەی نۆیەم لە باردوخێکی سەختدا دوای جەنگی دژی داعش و بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، هاوکات پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، دەستی بەکارەکانی کرد، دەڵێت: سەرباری هەموو ئەو ئالەنگارییانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سڵی نەکردووە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە تەواوی شاروشارۆچکەکان.

وەزیری شارەوانی دەشڵێت:  سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپات لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان دەکاتەوە، بۆیە زۆرێك لە پرۆژەکانی جێبەجێ کراون بەپێی پێویستی و خواستی هاووڵاتییان بووە، گوتی: لە وەزارەتی شارەوانی هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی هەبوون، توانیمان زۆربەیان چارەسەر بکەین.

دەشڵێت: هاووڵاتی خۆی بە خاوەنی حکوومەت دەزانێت، ئەوان هاوکار و پشتیوانی حکوومەتی کوردستانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کە بەردی بناغەی پرۆژەیەکی ئاوی لە هەولێر دانا ، پرۆژەیەک کە کێشەی بێ ئاوی لە هەولێر چارە دەکات، لە وادەی خۆی و دوای ساڵێک تەواو دەبێت، دەڵێت: سەرباری ئەوەش، ئاوی قۆشتەپە بەردی بناغەی بۆ داندرا کە کێشەی ئاوی دەورووبەری هەولێر چارە دەکات، هەردوو پرۆژەکەش کێشەی کەمئاوی هەولێر و دەورووبەری بۆ ماوەی 30 ساڵ چارە دەکەن.

وەزیری شارەوانی گوتی: سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر هەر شوێنێک بە باش بزانێت کە خزمەتگوزارییەکی باشتری پێ بگەیەنێت، مافی ئەوەی هەیە دووبارە نەخشەدانانەوەی بۆ بکات بۆ خزمەتی خەڵکەکەی، گوتی: کەرتی گردجووتیار لە نەخشەدانانەوەیە، دوای نەخشەدانانەوەکەی، ڕەزامەندی ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو بە هاووڵاتییان دەدرێت.