دوو هاووڵاتیی لە ڕووباردا خنکان
گەشتیارێکی عەرەب و ماسیگرێک لە ڕووباردا خنکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک و ئاکرێ تەرمی گەشتیارەکەیان دەرهێناوە و بەدوای دۆزینەوەی تەرمی ماسیگرەکەشن.
شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕایگەیاند: هاوڵاتییەکی عەرەب کە تەمەن 25 ساڵ بوو، بۆ گەشت سەردانی ناوچەی دێرەلوکی کرد و کەوتە نێو ئاو و خنکا ، لە لایەن تیمەکانی ژێرئاوی بەرگریی شارستانیی دهۆک تەرمەکەی لە ئاو دەرهێنرا و ڕەوانە پزیشکی دادوەری کرا.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ئاشکرای کرد، هاوڵاتییەک چووەتە ڕووباری سیروان بۆ ڕاوە ماسی، لەوێ کەتووەتە ناو ئاو و خنکاوە ، تیمەکانی ژێر ئاوی ئاکرێ بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەی و تاکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە، بڕیاڕە سبەیش رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبن لە گەڕان بەدوای تەرمی ماسیگرەکە.