سوپای ئیسرائیل ڕێگریی لە تەنێکی گوماناوی دەکات کە ئاراستەکەی لە عێراقەوە بووە

وێنەی  ئەرشیفکراوی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل
وێنەی ئەرشیفکراوی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوی یەکشەممە، ڕێگرییان لە تەنێکی گوماناوی کردووە کە ئاراستەکەی لە عێراقەوە بووە بەرەو ئیسرائیل.

لای خۆیەوە کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بۆ جاری دووەم حزبوڵلا دەیان مووشەکی ئاراستەی بنکە و فڕۆکەخانەی "ڕامەت دەیڤید"ی ئیسرائیلی کردووە و نزیکەی 15 مووشەک لە چەند کاتژمێرێکدا لە خاکی لوبنانەوە بەرەو شارەکانی باکووری ئیسرائیلیش هەڵدراون.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی "ئیسرائیل حەیۆم"یش پشتڕاستی کردووەتەوە، بۆ سێیەمجار بەشێکی دیکەی مووشەک لە لوبنانەوە بەرەو شارەکانی باکووری ئیسرائیل هەڵدراوە.

گرووپی حزبوڵلای لوبنان، لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ڕایگەیاند، دەیان مووشەک بۆ سەر بنکە و فڕۆکەخانەی ڕامەت دەیڤید هەڵدراون کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی حەیفا.

مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، سیستەمی گومبەزی ئاسنین، ڕێگریی لەو مووشەکانە کردووە کە بەرەو ڕۆژهەڵاتی حەیفا و باکووری تەلئەڤیڤ ئاراستە کراون.

مێدیا ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە، لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی حەیفا، جەلیل، ناسرە و مارج ئیبن عامر، زەنگی مەترسی لێ دراوە، کە پێنج بەشی مووشەکی بە کۆی گشتی 30 موشەک لە باشووری لوبنانەوە بەرەو ناوچەکانی جەلیل و ڕۆژهەڵاتی حەیفا هەڵدراون.

لای خۆیەوە فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ ئاگادارکراوەتەوە، بەپێی ڕێنماییەکانی سوپای ئیسرائیل، بڕیار دراوە ئەمڕۆ لە حەیفاوە بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باکوری ئیسرائیل، لەنێویاندا عەکا، تەبیریا، نەهاریا، سەفد و لە بەرزاییەکانی جۆلان خوێندن ڕابگیرێت.

دواتر حیزبوڵڵای لوبنان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێدا ڕایگەیاند، بۆ جاری دووەم ئەمڕۆ یەکشەممە، بنکە و فڕۆکەخانەی ڕامات داڤیدیان کردووەتە ئامانج و بە دەیان مووشەکی فادی 1 و فادی 2یان بۆ پشتیوانیی لە گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە و بۆ پشتیوانیی لە حەماس و لە وەڵامی هێرشە دووبارەبووەکانی ئیسرائیل کە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان دەکاتە بەرەو ئیسرائیل هاویشتووە و بووەتە هۆی ڕووخانی زۆرێک لە باڵەخانەکان و کوژرانی خەڵکی مەدەنی.

لای خۆشییەوە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەلماندی کە سوپای ئیسرائیل دوو ئامانجی ئاسمانیی گوماناوی لەناو بردووە، یەکێکیان لە عێراقەوە بووە، پێش ئەوەی بگەنە ئاسمان ئیسرائیل.

Fly Erbil Advertisment