ئێران.. بەهۆی تەقینەوەی کانێکی خەڵووز 19 کرێکار مردوون و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان دەکرێت

یەکێک لە کرێکارە ڕزگاربووەکانی کانە خەڵووزی تەبەس لە پارێزگای خۆرسانی باشوور - ئێران
یەکێک لە کرێکارە ڕزگاربووەکانی کانە خەڵووزی تەبەس لە پارێزگای خۆرسانی باشوور - ئێران

لە پارێزگای خۆراسانی باشووری ئێران بەهۆی تەقینەوەی گازی میسان لە یەکێک لە کانەکانی خەڵووز 19 کەس مردوون و دەیان کەسی دیکەش چارەنووسیان نەزانراوە و پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان دەکرێت.

محەممەد عەلی ئاخوندی، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی خۆراسانی باشوور بە ئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاندووە، شەوی ڕابردوو تەقینەوەیەک لە دوو بلۆکی C و B کانێکی خەڵووزی سنووری شاری تەبەس ڕووی داوە، 69 کرێکار لە هەردوو بلۆکی کانەکەدا کار دەکەن، بەڵام بەگوێرەی ئامارە 19 کەس مردون و 17 کرێکاری دیکەش بە برینداری ڕزگارکراون کە بەشێکیان ژەهراوی بوون.

هەر بە گوتەی ئاخوندی، 40 ئەندامی شارەزای تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵی بەردەوام دان، بۆ ڕزگارکردنی 33 کرێکاری گیرخواردوو لە نێو تونێلەکاندا، بەڵام بەهۆی پەنگخواردن و چڕبوونەوەی گازی میسان لە نێو تونێلەکاندا پرۆسەی ڕزگارکردنەکە بە سستی بەڕێوەدە چێت.

کانی خەڵووزی تەبەس دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری بیرجەندی ناوەندی پارێزگای خۆراسانی باشوور لە ئێران، ڕووبەری کانەکە 30 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بڕی 75.2 ملیار تۆن یەدەگی خەڵووزی تێدایە، بە گەورەترین یەدەگی خەڵووزی کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراوە و قوڵی کانەکە 250 مەترە بۆ ناخی زەوی، دێژی ڕێڕەوی تونێلەکانیشی 700 مەترە.

هەوڵی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ ڕزگارکردنی کرێکارە گیرخواردووەکان لە کانە خەڵووزی تەبەس - لە سنووری پارێزگای خۆراسانی باشوور
هەوڵی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ ڕزگارکردنی کرێکارە گیرخواردووەکان لە کانە خەڵووزی تەبەس - لە سنووری پارێزگای خۆراسانی باشوور