دۆناڵد ترامپ دراوێکی تایبەت بەخۆی دروست دەکات

ڕۆژی شەممە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، "دراوی فەرمی ترامپ"ـی خستە بازاڕ و گوتی، خۆی دیزاینی دراوەکەی کردووە.

دۆناڵد ترامپ لە ڕێگەی ئەکاونتە فەرمییەکانییەوە لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" و "ئینستاگرام" ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە و دەڵێت: "ئەمڕۆ شتێکی نایابم هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵتاندا بەشی بکەم، دراوی فەرمیی ترامپ، کە خۆم دیزاینم کردووە، پێشکەشتان دەکەم، بە شانازییەوە لێرە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دروستکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گەورەیی ئەمەریکا.

ئاماژەی بەوەش کرد، مەدالیای زیوی سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ، چاپی یەکەمی لە چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024ەوە بەردەست دەبێت.

دۆناڵد ترامپ گوتیشی: هەر دراوێک بڕوانامەیەکی ئەسڵی لەگەڵدایە کە واژۆی منی لەسەرە وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەی دراوێکی ڕاستەقینەی ترامپت کڕیوە. تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی ماڵپەڕی فەرمیی دراوەکە، دەتوانن دراوی ئەسڵیی ترەمپ بدۆزنەوە.

گوتیشی: چاپی دراوەکان سنووردارن، پێکەوە مێژوو لە ئەمەریکا تۆمار دەکەین، بۆیە هەوڵ بدە ئەمڕۆ پارچەیەک لە گەورەیی ئەمەریکا بەدەست بهێنیت، خوای گەورە ئەمەریکا بپارێزێت".

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ماڵپەڕی فەرمی بۆ کڕینی ئەو دراوەی هاوپێچ کردووە کە ناوی "realtrumpcoins.com"ـە، دراوەکە بە 100 دۆلاری ئەمەریکی دەفرۆشرێت.