پارێزگای واست بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی پەروەردە پێویستی بە 400 قوتابخانەیە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن، کێشەکانی کەرتی پەروەردە لە پارێزگای واست دەست پێ دەکەنەوە. نەبوونی قوتابخانە، فرەدەوامی و خوێندن لەناو کابینەدا دیارترین کێشەکانی خوێندن لە واست.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی واست دەڵێت: پێویستیان بە 400 قوتابخانەی نوێیە بۆ ڕزگاربوون لە فرەدەوامی و خوێندنی ناو کابینەکان، چونکە هێشتا 48 قوتابخانەیان لەناو کابینەدان.

پاریزگای واست پێویستی بە 400 قوتابخانەیە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی پەروەدە و پڕکردنەوەی کەموکورتییەکانی، هەروەها ڕزگاربوون لە قوتابخانەی ناو کابینەکان و فرەدەوامی، چونکە ژمارەیەکی زۆر قوتابی لەم پارێزگایە هەن.

ئەحمەد شەهاب، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی واست بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پارێزگاکەمان پێویستی بە 400 باڵەخانەی نوێی قوتابخانەیە بۆ ڕزگاربوونی لە قوتابخانەکانی ناو کابینەکان و فرە دەوامی. هەروەها لەسنووری پارێزگای واست نزیکەی 48 قوتابخانەی ناو کابینەمان هەیە.

کەسوکاری قوتابیان سکاڵایان لە قەرەباڵغی قوتابخانەکان و پڕیی پۆلەکان هەیە، هەروەها سکاڵایان لە نەبوونی چارەی گونجاو هەیە بۆ ئەم جۆرە کێشانە کە ساڵانە لەکاتی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن دووبارە دەبنەوە.

هاووڵاتییان دەڵێن: سەرباری ئەوەی حکوومەتەکە یەک لەدوای یەکەکان نەیانتوانیوە کێشەی پەروەدە چارە بکەن، کیشەکان زیادیان کردووە، ملیاران دۆلار لەکەرتی پەروەردەی خەرج کراون، ئێمە نزیک دەبینەوە لەساڵی 2025، بەڵام هێشتا قوتابیان لەقوتابخانەی خۆڵ و کابینەدان.

لە سنووری واست دەیان قوتابخانەمان هەیە، کە مەرجەکانی قوتابخانەیان تێدا نییە و پارێزراو نین، جگە لەمە قوتابخانەکان سێ دەوام و تەنانەت چوار دەوامیشیان تێدایە.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی خوێندن کێشەکانمان دەست پێ دەکاتەوە، نەبوونی ژێرخانی پەروەردەی و خراپی قوتابخانەکان لە دیارترین کێشەکانمانن، پۆلەکان قەرەباڵغن، ئەمەش کار لەسەر توانای قوتابی بۆ وەرگرتنی زانست دروست دەکات.

Fly Erbil Advertisment