وەزارەتی شارەوانی ڕێنماییەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چەند ڕێنماییەکی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-09-2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێنماییەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات پێیەوە پابەند بن.
ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار:
1- ڕێگە نادرێت لایەنە سیاسییەکان وێنە و پۆستەری کاندید و حزبەکانیان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەکان بە بزمار، سیکۆتین و لەزگە هەڵبواسن.
2- ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی ناو پارکەکان بە هەرشێوەیەک بێت.
3- ڕێگە نادرێت بە بەکارهێنانی قوم، چیمەنتۆ و بلۆک بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
4- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی تابلۆ و پۆستەر لەسەر هێماکانی هاتوچۆ.
5- ڕێگە نادرێت شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنرێن.
6- ڕێگە نادرێت پۆستەری کاندیدان لەسەر دیواری فەرمانگە حکوومییەکان، مزگەوت، زانکۆ و قوتابخانەکان هەڵبواسرێت.
7- هەر شارەوانییەک سەرباری ئەو ڕێنماییانە، دەتوانێت ڕێنمایی تایبەت بەخۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵکی گشتی و پاراستنی پاکوخاوێنی دەر بکات.
8- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر کاندیدێک بەرپرسیارە لە لێکردنەوە و پاککردنەوەی وێنەکانی.
9- ئەگەر کاندیدێک پابەند نەبێت، ئەوا پۆستەرەکانی لە لایەن تیمی شارەوانی لا دەبردرێن و دووچاری سزای یاسایی دەبێتەوە.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەن و کاندیدان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری بکرێت، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لایەن و کاندیدان پۆستەرەکانیان لە چەندین شوێنی نەگونجاو و نایاسایی هەڵدەواسی، ئەمەش نیگەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی لێ دەکەوتەوە.
لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2024 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ـیش پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان.