بۆ یەکەم جار ئیسرائیل لەسەر تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر هاتە دەنگ

ئامیرەکانی پەیجەر بۆ پەیوەندی نامە و دەنگ
ئامیرەکانی پەیجەر بۆ پەیوەندی نامە و دەنگ

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، ڕەتی کردەوە وڵاتەکەی پەیوەندی بە تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیجەر هەبووبێت کە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ڕابردوودا لە لوبنان تەقینەوە.

ئیسحاق هێرزۆگ، بە سکای نیوزی بەریتانی ڕاگەیاند "هەر جۆرە پەیوەندییەک بەو هێرشەی تەقاندنەوەی پەیجەرەکان بە توندی ڕەت دەکەینەوە" دەشڵێت: دوژمنی حزبوڵلا زۆرن، چەندین جار ئاژاوەیان لە لوبنان دروست کرد.

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی ئیسرائیل گوتی: ئێمە تەنها لێرەین بۆ بەرگریی لە خۆمان، ئەمە تەنها شتێکە دەیکەین، دەبێت وەک هەر وڵاتێکی ئاسایی مامەڵە بکەین، وەک بەریتانیا، یان هەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری بۆ ئەوەی بەرگریی لەم گەلە بکەین.

حزبوڵلای لوبنانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، کە لەپشت تەقینەوەکانی ئامێرەکانی پەیوەندیی پەیجەرەوە بوون، کە بەهۆیەوە 37 کەس کوژراون و نزیکەی سێ هەزاری دیکەش بریندار بوون.

لەوبارەوە، ئەمین محەممەد بەشیر، شرۆڤەکاری سیاسی لە بەیروت، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە لە دۆخێکی هەستیاردا دەژین، لە لایەک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا نزیکە، لەلایەکی دیکە ناتانیاهۆ خۆی لەو چارانەی ئەمەریکا خستوویەتە ڕوو، بە دوور دەگرێت.

ئەو شرۆڤەکارە جەختیکردەوە "ناتانیاهۆ دەیەوێت دەستکەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت و مەرجەکانی خۆی بەسەر حزبوڵلادا بسەپینێت، لە بەرامبەردا حزبوڵلای لوبنانیش خۆی وا دەبینێت کە لە دۆخێکی هەراسانکەردایە، چونکە حزبوڵلا نەدەتوانێت بچێتە پێشەوە نە دەتوانێت بگەڕێتەوە دواوە".

ئەمین محەممەد، باسی لەوەش کرد "حزبوڵلا ناتوانێت شەڕێکی گەورە دژی ئیسرائیل ڕابگەیەنێت، چونکە ئێران ڕێگە بەوە نادات و نایەوێت شەڕەکە فراوانتر بێت، هەروەها حزبوڵلاش ناتوانێت بەبێ ئێران بچێتە ناو شەڕێکی گەورە".

دەشڵێت: ئەمەریکاش بەهۆی هەڵبژاردنەوە نایەوێت شەڕی ئەو دوولایەنە فراوان بێت، لوبنانییەکانیش دەزانن ئەگەر حزبوڵلا بیانباتە ناو شەڕێکی فراوان هەر خۆیان زیان دەکەن.