سەرۆک كۆماری عێراق: کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتووە
سەرۆک کۆماری عێراق لە دیداری لەگەڵ وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە، کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتووە بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانییەوە.
یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024، لەشاری بەغدا، عەبدوللـەتیف رەشید سەرۆک كۆماری عێراقی فیدڕاڵ، پێشوازی لە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لەو دیدارەدا کە فارس عیسا نوێنەری حکوومەتی هەرێم لەشاری بەغدا ئامادەی بوو، سەرۆک کۆماری عێراق وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ بەرەوپێشچوونەکانی کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بۆ هاووڵاتیان، خۆشحاڵی بۆ پەیوەندی پتەو و هەماهەنگیی و کاری هاوبەشی لەگەڵ تەندروستی عێراق دەربڕی، هاوکات تیشکی خستە سەر چەندین خزمەتگوزاریی پزیشکی لە دەستەبەرکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی و و ژێرخانی تەندروستی و نەخۆشخانەی نوێ و پێشکەوتنی بواری تەندروستی و بەرزی ئاست و تواناکانی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین تێبینی لەسەر پێداویستیەکانی سیستەمی تەندروستی و بواری چارەسەریی پزیشکی و پەرستاری و ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی تواناکان و وەرگرتنی شارەزایی و ئەزموونەکانی سەرکەوتووی ئەم بوارە.
لە بەرامبەردا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڕەوشی تەندروستی و کاروچالاکییەکان و خزمەتگوزاریی تەندروستی و چاکسازیەکانی بواری تەندروستی و دەرمانی لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، لەگەڵ تاوتوێکردن و دەستنیشانکردنی کێشە و گرفتەکان و داواکارییەکانی پەیوەست بە تەندروستی ئاوارە و پەناهەندەکان و کەمپەکان و نەخۆشانی دەرەوەی هەرێم بۆ ناو هەرێم و پێداویستیەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، لەگەڵ دابینکردن و چاککردنەوەی ئامێری پزیشکی و بەشەبوودجەی تەندروستی لە بوودجەی حاکیمە لەعێراق، هەروەها هەماهەنگی کردن بۆ ڕێککارەکانی چاکسازیکردن لەبواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تۆمارکردن و پشکنین و هاوردەکردن و پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنان لە کەرتی گشتی، تایبەت بەشداریپێکردنی هەرێم لە پڕۆژەکانی نیشتمانی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پڕۆژەکانی بەخشین و قەرزی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکان و تەرخانکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان.