نەتەوە یەکگرتووەکان: کە ناوچەکە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆزدا دەڕوات پێشمەرگە توانیویەتی سەقامگیریی بپارێزێت

شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەزیری پێشمەرگە ڕادەگەیەنن، لە کاتێکدا ناوچەکە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر دەروات، پێشمەرگە توانیویەتی سەقامگیریی و ئارامیی ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش بپارێزێت.
یەکشەممە 22ـی ئەیلولی 2024، شـۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی ولیام بلانچارت، بەرێوەبەری بەشی پاراستن و ئاسایشی نێودەوڵەتی (UNDSS)لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ڕاوێژکاران و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوون. وەزیری پێشمەرگە باسی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و عێراق و هەرێـمی کوردستانی کرد، هەروەها ڕۆڵی باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوووەکانی بەرزنرخاند و ڕایگەیاند: نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە بوارەکانی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی، لەگەڵ ڕێگریکردن لە جەنگ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی دیموکراسیەت و یەکسانی لە نێوان گەلاندا.
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەلی کورد گوتی: لە سەرجەم قۆناغە جیاجیاکاندا هەمیشە پشتیوانی مافی ڕەوای گەلی کوردبوون وخزمەتی زۆریان لە گشت بوارەکاندا پێشکەش کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە ڕێز و پێزانینی زۆری بۆ ڕۆڵی باڵای ئێوە هەیە.
لە بەرامبەردا، ولیام بلانچارت، بەرێوەبەری بەشی پاراستن و ئاسایشی نێودەوڵەتی (UNDSS)لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی کرد لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە، راشیگەیاند: لە کاتێکدا ناوچەکە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر دەڕوات، پێشمەرگە توانیویەتی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش بپارێزێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەوەی مانەوەی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگ و پێویستە.