نەتەوە یەکگرتووەکان: کە ناوچەکە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆزدا دەڕوات پێشمەرگە توانیویەتی سەقامگیریی بپارێزێت

ٍشاندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ  شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە
ٍشاندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە

شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەزیری پێشمەرگە ڕادەگەیەنن، لە کاتێکدا ناوچەکە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر دەروات، پێشمەرگە توانیویەتی سەقامگیریی و ئارامیی ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش بپارێزێت.

یەکشەممە 22ـی ئەیلولی 2024، شـۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی ولیام بلانچارت، بەرێوەبەری بەشی پاراستن و ئاسایشی نێودەوڵەتی (UNDSS)لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ڕاوێژکاران و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوون. وەزیری پێشمەرگە باسی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و عێراق و هەرێـمی کوردستانی کرد، هەروەها ڕۆڵی باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوووەکانی بەرزنرخاند و ڕایگەیاند: نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە بوارەکانی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی، لەگەڵ ڕێگریکردن لە جەنگ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی دیموکراسیەت و یەکسانی لە نێوان گەلاندا.

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەلی کورد گوتی:  لە سەرجەم قۆناغە جیاجیاکاندا هەمیشە پشتیوانی مافی ڕەوای گەلی کوردبوون وخزمەتی زۆریان لە گشت بوارەکاندا پێشکەش کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە ڕێز و پێزانینی زۆری بۆ ڕۆڵی باڵای ئێوە هەیە.

لە بەرامبەردا، ولیام بلانچارت، بەرێوەبەری بەشی پاراستن و ئاسایشی نێودەوڵەتی (UNDSS)لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی کرد لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە،  راشیگەیاند: لە کاتێکدا ناوچەکە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر دەڕوات، پێشمەرگە توانیویەتی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش بپارێزێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەوەی مانەوەی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگ و پێویستە.

Fly Erbil Advertisment