مایڵز کاگینز: کۆمپانیا نەوتییەکان لارییان لە دەستکاریکردنی ڕێککەوتنەکانی نەوت نییە

مایڵز کاگینز، گوته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازیی نه‌وتی كوردستان (ئه‌پیكور)
مایڵز کاگینز، گوته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازیی نه‌وتی كوردستان (ئه‌پیكور)

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی ئه‌پیكور، ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیان بە حکوومەتی عێراق گەیشتووە. جەختی لەوەش کردەوە، کۆمپانیا نەوتییەکان لارییان لە دەستکاریکردنی ڕێککەوتنەکانی نەوت نییە.

مایڵز کاگینز، گوته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازیی نه‌وتی كوردستان (ئه‌پیكور)، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: داوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵیمان کردووە، بەڵام لە کۆبوونەوە گرنگتر هەبوونی ڕێککەوتنە لەبارەی چارەکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت.

گوته‌بێژی ئه‌پیكور، ئاماژەی بەوە دا، کۆمپانیا نەوتییەکان کێشەیان نییە لەوەی دەستکاری ڕێککەوتنەکانی نەوت بکرێت بەو مەرجەی هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق پێی ڕازی بن و مەرج و داواکاری کۆمپانیاکانیش لەبەر چاو بگیرێن.

جەختی لەوە کردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نیویۆرکە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، هەروەها سوودانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە و هەناردەکردنەوەی نەوت بەشێک دەبێت لە ئەجێندای کۆبوونەوەکە.

هاوکات گوتیشی: سوودانی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە وابکات دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، بەهۆی ڕاگرتنی نەوتەکەوە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیان  بە حکوومەتی عێراق گەیشتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024 کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە پەیامێکدا، جارێکی دیکە داوای دەستپێکردنی دانووستانی سێ قۆڵی هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت دەکات بۆ ئەوەی هەرچی زووە کێشەکان لە بەرژەوەندی هەمووان چارە بکرێت و هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان  (ئەپیکور) داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکات بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان چارە بکەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق - تورکیا هەناردە بکرێتەوە.

ئەپیکور ئاماژەی دا، لێدوان و ڕاگەیاندراوەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بووەتە هاندەرێک بۆ ئەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنەری نەوت چارەیەک بدۆزنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت دەکەن.

هەناردەی نەوتی لە ڕێگەی لوولەی عێراق - تورکیا لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە ڕاگیراوە کە بڕی هەناردەکردنەکە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل بوو، بە گوێرەی ئامارەکان لەوەتە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگیراوە بە هۆیەوە زیاتر لە 19 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە، کە زۆربەی زیانەکەش بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، چونكە حكوومەتی فیدراڵی هیچ ئامادەییەكی نیشان نەداوە بۆ قەرەبووكردنەوەی هەرێمی كوردستان لەو زیانەی بەریكەوتووە. هەروەها بە گوێرەی ئامارێکی ئەپیکور، بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەڕێژەی 60% کەم بووەتەوە و سەدان کەسیش بێکار بوون.

Fly Erbil Advertisment