هێزە چەکدارەكانی عێراق هەوڵ دەدەن دەستەی حەشدی شەعبی لەسەرووی سوپای عێراقەوە بێت

هێزە سیاسییە چەكدارەكانی عێراق، كار بۆ ئەوە دەكەن، دەستەی حەشدی شەعبی لەسەرووی سوپای عێراقەوە بێت، بۆیە لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی كرد، لەهەموارەكەدا؛ پێنج ساڵ خزمەت بۆ ئەوانە زیاد دەكرێت كە لە 2014 تا 2017 بەشداری شەڕی داعشیان كردووە، لەكاتێكدا بە دەیان گرووپ و كەسایەتیی دەستەكە لە لیستی تیرۆری ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەدان.

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی كرد، هێزە سیاسییە چەكدارەكانی عێراقییەكان هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە كە بەهەموو شێوەیەك حەشدی شەعبی لە سەرووی سوپای عێراقەوە بێت.

پرۆژەكە لە 88 ماددە پێك هاتووە؛ چەندین گۆڕان لە دەقەكەدا کراوە لەوانە؛ زیادكردنی پێنج ساڵ خزمەت بۆ ئەو چەكدارانە شەڕی داعشیان لە 2014 تا 2107 كردووە.

هەروەها چەكداری ئاسایی حەشد ئەگەر كوژرا بێت، پلەی جێگری ئەفسەری پلەیەك وەردەگرێ و ئەفسەری پلەیەكیش دەكرێتە عەقید، خانەوادەكانيان لە هەمووشتێك گوێرەی پلەكانیان سوودمەند دەبن.

ئەوە لەكاتێكدایە؛ پشكی حەشدی شەعبی لە بودجەی 2024دا، زیاتر لە چوار ترلیۆن و 556 ملیار و 611 ملیۆن دینارە، بە بەراورد بە 2023، 77 ملیار و 908 ملیۆن دینار زیادی كردووە.

بە گوێرەی دوایین ئامار، دەستەکە زیاترلە 70 گرووپ پێكهاتووە، 238 هەزار و 75 چەكداری هەیە. هاوکات بە دەیان گرووپ و كەسایەتیی دەستەكە لەناو لیستی تیرۆری ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەدان.

هەروەها لە بودجە 2024دا بۆ مووچە؛ سێ ترلیۆن و 868 ملیار و 194 ملیۆن دینار بۆ دەستەکە تەرخان کراوە، کە ئەمە بە بەراورد بە ساڵی 2023 دا؛ 399 ملیار و 440 ملیۆن دینار زیادی كردووە، هاوكات لە ساڵی 2023دا؛ بەبڕی 564 ملیار و 300 ملیۆن دینار بەچەك و سیستەمی نوێ پڕ چەك كراون.

بەشێكی زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەڵوێستییان بەرامبەر خزمەت و پڕچەكردنی حەشدی شەعبی دەرنابڕن، بەڵام كاتێك هێزی پێشمەرگە كە بەشێكی سەرەكییە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، بە ئاگاداری حكوومەتی عێراق، چەکی دەدرێتێ، ناڕەزایەتیی دەردەبڕن و دەڵێن: ئەوە پێچەوانەی دەستوورە.

Fly Erbil Advertisment