ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی ئاماژەیە

زمانی ئاماژە، یەكێكە لەو زمانانەی هێما و ئاماژەی خۆی هەیە و مرۆڤ لەڕێی جوڵاندنی پەنجەکانی و چەند ئەندامێكی دیكەی جەستەی قسە لەگەڵ كەسێكی نابیست دەكات و ئەو پەیامەی مەبەستییەتی پێی دەگەیەنێت، هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە سێ هەزار نابیست هەن و لەم ڕۆژەدا پەیامی خۆیان هەیە.
دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024، نازەنین نەشات، بەڕێوەبەری پەیمانگای نابیستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نابیستانی ئێرە داوا دەکەن کەسێک هەبێت لەسەر شاشەی تیڤییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن ئەوانیش لە هەواڵەکان تێبگەن و بێبەش نەبن لە زانینی زانییارییەکان، ڕەنگە هەموو کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان نەتوانن مامۆستا دابین بکەن و ببێت بە گرفت بۆیان، بەڵام ئەو مامۆستایانەی لێرەن خۆیان هەوڵیان داوە و بەشداریی چەندان خولیان کردووە تاکو فێری زمانی ئاماژە بن، بۆ ئەو گرفتەش داوا کارین خول و ڕاهێنانی زیاتر بۆ ئەو مامۆستایانە بکەنەوە کە ئارەزوو دەکەن لە زمانی جەستە بزانن و تێبگەن تاکوو ئەوانەی نابیستن بێبەش نەبن لە هەواڵ و زانیارییەکانی جیهان.
شنۆ عەزیز، بە زمانی ئاماژە دەڵێت: حەزدەکەم هەموو ساڵێک ئەم ڕۆژە یاد بکرێتەوە وەکو 1ـی 6 و 1ـی ئایارـی هەموو ساڵێک، ئێمەش پێی دڵخۆش دەبین.
لای خۆیەوە میدیا حوسێن، بە زمانی ئاماژە گوتی: هیچ وەرگێڕێک لە کەناڵەکان نییە، هەر نابیستێک کە سەیری هەر کەناڵێک بکات تێناگات چی دەگوترێ و دەگوزەرێت، لە هەر کەسێکیش بپرسن ڕەنگە نەتوانن بە زمانی ئاماژە قسە بکەن، بۆیە داوا دەکەن کەسێک هەبێت لەسەر شاشەی تیڤییەکان بە زمانی ئاماژە هەواڵەکانیان بۆ وەرگێڕێت.
هەروەها کەنار شەهاب، بە زمانی ئاماژە دەڵێت: داوا دەکات هەلی نووسین و خوێندنیان بۆ بڕەخسێت، تاکو لە دوای تەواو کردنی خوێندنەکەیان مووچەکەیان زیاد بکرێت.
بەهۆی گرنگیی زمانی ئاماژە و زۆربوونی ڕێژەی ئەو كەسانەی نابیستن، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریداوە ڕۆژێكی جیهانی تایبەت بەو زمانە دیاری بكات، هۆی دیاریكردنی ئەو ڕێكەوتەش بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی جیهانی نابیستانەوەیە لە ساڵی 1951دا.