پەرلەمانتارێکی ئێران: کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی لە کڕینی ئامێرەکانی پەیجەر بۆ حزبوڵلا هەبووە

ئەحمەد ئەردەستانی: گومان دەکرێت کوژرانی ڕەئیسی هەر بەهۆی ئامێری پەیجەرەوە بوو بیت

ئەحمەد بەخشایس ئەردەستانی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی ئێران
ئەحمەد بەخشایس ئەردەستانی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی ئێران

ئەحمەد بەخشایس ئەردەستانی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کڕینی ئامێرەکانی پەیجەر بۆ حزبوڵلا دەستی هەبووە و دەشڵێت: ئیبراهیم ڕەئسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێرانیش ئامێرێکی لەم جۆرەی بەکار دەهێنا، هەربۆیە گومان لە ڕووداوی مردنەکەی دەکرێت.

ماڵپەڕی هەواڵی "دیدەبانی ئێران"، لە زاری ئەردەستانی بڵاوی کردووەتەوە، بە دڵنیاییەوە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کڕینی ئامێرە بێتەلەکانی پێجەر بۆ حزبوڵلا دەستی هەبووە، چونکە سەرۆک کۆماری کۆچ کردوو، ئیبراهیم ڕەئیسیش ئامێرێکی پەیجەری بەکار دەهێنا، ڕەنگە ئامێرەکەی دەستی ئەو لەگەڵ ئەوانەی دەستی حزبوڵلا جیاواز بوو بێت.

ئەردەستانی بڵاوی کردووەتەوە، بە دڵنیاییەوە ئێران لە کڕینی ئامێرەکانی پەیجەر بۆ حزبوڵلا ڕۆڵی هەبووە، چونکە یەکێک لە پەیجەرەکان لە دەستی باڵیۆزی ئێران لە لوبنان بووە و تەقیوەتەوە.

هەروەها ئاماژەی داوە، هیچ گومانێک نییە لەوەی ئیسرائیل دزەی کردووەتە نێو ڕیزەکانی حزبوڵلا بە ئاسانی دەتوانێت زانیاریی لە کۆبوونەوەی فەرماندەی چەکدارانی حزبوڵلا ئاگەدار بێت و دزە بکات و تەقەمەنیش لە نێو هەزاران ئامێری پەیجەر دابنێتەوە.

ئەندامەکەی لێژنەی ئاسایش و بەرگری دەشڵێت: بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگری و سەربازی بە ئێمە گەیشتووە، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووش ئامێرێکی پەیجەری بەکارهێناوە، هەرچەندە ڕەنگە جۆرەکەی لەوەی دەستی چەکدارانی حزبوڵلا جیاواز بێت، بەڵام یەکێک لەو سیناریۆیانەی جێگەی گومانە لە ڕووداوەکەی گیان سپاردنی ڕەئیسی، تەقاندنەوەی پەیجەرەکەی بوو بێت.

لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئەلیکترۆنی فراوانی لە سەرتاسەری لوبنانی دژی چەکدار و ئەندامانی حزبوڵلای لوبنانی کرد و هەزاران ئامێری بێتەلی پەیوەندی لە جۆری پەیجەری تەقاندەوە، بەگوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان 37 کەس کوژراون و سێ هەزار 539 کەسی دیکەش برینداربوون و بەشێکیان برینەکانیان سەختە، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە بەیرووت یەکێکە لە بریندارەکان و بۆ تیمارکردن لەگەڵ دەیان برینداری دیکە گواستراونەتەوە تاران.