لەم دوو ڕۆژەدا وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وردبینی لە لیستی کاندیدان تەواو کردووە و لەم دوو ڕۆژەدا وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات.
دووشەممە، 23-09-2024، ئەحمەد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "وردبینی لە لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواو بووە".
وەکوو ئەوەی ئەحمەد جەمیل ئاماژەی پێ کرد "لەم دوو ڕۆژەدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆ دەبێتەوە، لیستی کۆتایی کاندیدان پەسەند دەکات و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات".
سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد "11 کاندید لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوورخراونەتەوە و شوێنی بەشێکیان لەلایەن حزبەکانیانەوە بە کەسانی دیکە پڕ کراونەتەوە".
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: 32 کورسی
2. سلێمانی: 36 کورسی
3. دهۆک: 24 کورسی
4. هەڵەبجە: سێ کورسی
(کۆی گشتی: 95 کورسی)
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: دوو کورسی
2. سلێمانی: دوو کورسی
3. دهۆک: یەک کورسی
4. هەڵەبجە: سفر کورسی
(کۆی گشتی: 5 کورسی)