ئەمەریکا: داعش هێشتا مهترسییه بۆ سەر عێراق

لە ڕۆژی دووشەممەوە بۆماوەی هەفتەیەک گفتوگۆ لەنێوان عێراق و ئەمەریکا بۆ بڕیاردان لەبارەی داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەڕێوە دەچێت. ئەمەش دیاریی دەکات پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوای کۆتایهاتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چۆن دەبێت.
دوا کۆبوونەوەکانی بڕیاردان لە دیاریکردنی ڕۆڵی داهاتووی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەم هەفتەیە بەڕێوە دەچن، ئەو گفتوگۆیانەی لە مانگی نیسانەوە بەچڕی دەستیان پێ کردەوە و ئامانج ئەوەیە کۆتایی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بهێنرێت. بەغدا و واشنتن پەیوەندییەکی ئاسایی سەربازی و ئەمنی لەگەڵ یەکدی بنیات بنێن. بەگوێرەی دوو سەرچاوەی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکەیان لەگەڵ عێراق، واشنتن لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێشتا داعش مهترسییه بۆ سەر عێراق و سووریا بەڵام زۆریش جیاوازە لە 2014. بەڵام ئێستا وەک خۆت دەزانی ئێمە بهردهوام چاودێریی دۆخەکە دهكهین، ههر بۆیه به هاوبهشی لهگهڵ هێزه ئهمنییهكانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات چالاكی دژی شانهكانی داعش و سهركردهكانیان دەکەین".
10 ساڵ بەسەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەسەرکردایەتیی ئەمریکا لە عێراق تێدەپەڕێت، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ماوەیەکە بووەتە جێگەی باس و خواس، بەرپرسە باڵاکانی عێراق دەڵێن چی دیکە پێویستیان بەمانەوەی هێزە بیانییەکان نییە و بەم نزیکانە دەست بە کشانەوەیان دەکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی هەڵسەندگاندنەکانی سێنتکۆم، چالاکییەکانی داعش زیادی کردووە.
ئەم کاندیدەی ئەنجوومەنی سێناتی ئەمەریکاش کە شارەزای دۆخی عێراقە، مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بە پێویست دەزانێ.
مایک رۆجێرس، کاندید بۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بوونی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی عێراق باشە، بۆ تەواوی ناوچەکە گرنگە، پێم وایە بیرۆکەیەکی گرنگە نوێنەرایەتیمان لەوێ هەبێت لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری، بۆئەوەی دڵنیا بین کێشەیەکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست نابێت کە پێویست بکات ئێمە یارمەتی وڵاتەکە بدەین کێشەکە چارە بکات".
ئەمەریکا لە عێراق 2500 سەربازی هەیە، لە 2019، ئەرکیان لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ پێدانی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و زانیاری هەواڵگری بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق گۆڕاوە. هەرچەندە جاروبار بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە ئۆپەراسیۆن دژی داعش دەکەن".
گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی نێوان ئەمەریکا وعێراق گرنگ دەبن بۆ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنامەی هاوبەشی بەرگریی لەنێوان هەردوو وڵات، بەرپرسانی ئەمەریکا بەڕوونی دەڵێن شتێک نییە بەناوی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، بەڵکو بڕیاردانە لە دیاریکردنی ڕۆڵ و ئەرکیان، بە کۆتاییهاتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.