پلاندانانی عێراق: دواخستنی سەرژمێریی کەرکووک پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسییە
عەبدولزەهرە هنداوی: زیاتر لە حەوت ملیۆن عێراقی لە هێڵی هەژاری دان
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ: دواخستنی سەرژمێریی گشتیی لە کەرکووک پەیوەستە بە ڕێککەوتنی سیاسیی و ئەمنییەوە، وەزارەتی پلاندانان تەنیا لایەنی جێبەجێکاری پرۆسەکەیە، ئاشکراشی کرد لە سەرتاسەری عێراق زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس هاوکاریی ماددیان بۆ بڕاوەتەوە.
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی کورد لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی لە کەرکووک، عەبدولزەهرە هنداوی گوتی: ئەمە پەیوەندی بە لایەنی ئەمنی و سیاسییەوە هەیە، لە وەزارتی پلانانانی عێراق ناتوانین هیچ قسەیەکی لەسەر بکەین بەڵام بۆ بەڕێوە چوونی پرۆسەکە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک ڕێککەوتن و گتوگۆ کراوە و هەربۆیە ڕێککەوتن کراوە کە سەرژمێری تێدا دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی دا، کە بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندنان گەشەی ساڵانەی دانیشتوان لە عێراق یەک ملیۆن بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس زیاد دەکات و ساڵی ڕابردووش کۆی گشتیی دانیشتوانی عێراق 43 ملیۆن کەس، هەروا سەرژمێری دانیشتووان گرنگی و تایبەتمەندی لەوە دایە کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دابەشبوونی چڕی دانیشتوان لەبەرچاو بگیرێن و ڕێکبخرێنەوە لەگەڵ پۆلێنکردنی تەمەنی لاو و ژمارەی ئافرەتان لە نێو کۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی پێگەی کۆمەڵگە دیاری بکەین بۆ ئەمەش 11 خاڵی سەرەکی بۆ پرۆسەی سەرژمێری دانراوە.
بە گوتەی هنداوی، لە دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردوو کەرتی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق وەرچەخانێکی باشی بەخوە بینیوە و دەڵێت: لە کەرتی تەندروستی 85% و لە ئاوی پاکیش 90% ی هاووڵاتییان سوودەمەند بوون، هەروا 85% منداڵانیش لە کەرتی پەروەردە و فێربوون دەرفەتی خوێندنیان بۆ ڕەخسێندراوە، بۆ ئەمەش نزیکەی پێنج هەزار قوتابخانە خراوەتە خزمەتی پەروەردە و فێربوون.
گوتیشی: لەم چەند ساڵەی داواییدا عێراق بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە کەوتە نێو قەیران و هەڵاوسان، بەهۆیەوە نزیکەی حەوت ملیۆن هاووڵاتیی عێراق لە هێڵی هەژاریدا تۆمارکراون و هاوکاری کۆمەڵایەتییان پێ دەدرێت.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای دواخستنی پرۆسەی سەرژمێری کرد بۆ دوای جێبەجێکردنی ماددەی 140 کرد و داواشی لە ئاوارەکانی شارەکە کرد کە لە هەولێر و سلێمانی نیشتەجێن، بگەڕێنەوە کەرکووک و بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی گەمارۆ و ژماردن خۆیان تۆمار بکەن.
وەک بەرپرسی لقی سێ ئاماژەی پێ دا، ساڵی 1988 هیچ خێزانیكی عەرەب لە گوندی زەرتکی سەر بە پارێزگای کەرکووک نەبووە، کەچی ئێستە پاش 36 ساڵ، 28 خێزانی عەرەبی تێدا نیشتەجێیە و تەنیا هەشتی خێزانی کوردیشی بۆ گەڕاوەتەوە.