ئیسرائیل 300 پێگەی حزبوڵلای لوبنانی بۆمباران کرد و دەیان کەس کوژراون

بۆمبارانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان (وێنە: AFP)
بۆمبارانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان (وێنە: AFP)

سوپای ئیسرائیل تەنیا ئەمڕۆ 300 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی حزبوڵلای لوبنان. وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش کوژرانی زیاتر لە 100 کەسی لە ئەنجامی ئەو هێرشانە ڕاگەیاند.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممەوە، 23-09-2024، زیاتر لە 300 پێگە و مۆڵگەی چەکدارانی حزبوڵلای لوبنانیان لە شارۆچکەکانی کەرتی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و باشووری لوبنان بۆمباران کردووە.

یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە کەناڵ12ـی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، ئەوەی ئێستە لە باشووری لوبنان ڕوو دەدات "قۆناغێکی نوێی شەڕە" و داوای لە هاونیشتمانییانی کرد "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئارامیی خۆیان ڕابگرن".

لەلایەکی دیکەوە دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی سەر پێگەکانی حزبوڵلای لوبنانی، "هێرشێکی پێشوەختە بووە" دوای ئەوەی زانیویانە حزبوڵلا ئامادەکاریی دەکات هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ئیسرائیل.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی 100 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 300 کەسی دیکە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵات و باشووری لوبنان ڕاگەیاند.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی باشووری لوبنان کرد دەستبەجێ لەو شوێن و مۆڵگانە دووربکەونەوە کە "حزبوڵلای لوبنانی بەکاری دەهێنن".

بە گوێرەی زانیاریی مێدیاکانی لوبنان، سوپای ئیسرائیل بە نامە و پەیوەندیی تەلەفۆنی دانیشتووانی باشووری لوبنانی  ئاگەدار کردوونەتەوە خۆیان لە چەک و جبەخانەکانی حزبولڵا دوور بخەنەوە.  

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی یەدیوت ئەحرۆنۆت، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە "هێزی ئاسمانی لە کاتژمێرەکانی نیوەڕۆدا دەست بە هێرشی بەرفراوان و بەهێز لە سەرتاسەری لوبنان، دەکات".

هەروەها ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردووەتەوە، تەلئەبیب بایەخ بە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان دەدات و هیچ پلانێکی دەستبەجێی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی نییە.

لە بەرانبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، حزبوڵڵای لوبنان دەیان مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کرد.

مێدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئەو مووشەکانەی لە لەلایەن حزبوڵلای لوبنانەوە ئاراستە کراون، لە جەلیلی سەرەوە و قەزای ناسریە کەوتوونەتە خوارەوە.