ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیران: حەلبووسی بەهۆی ئەو هێرشەی کردییە سەر هەرێمی کوردستان ھەڵەیەكی كوشندەی كرد

ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت: محەممەد حەلبووسی دوای ئه‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایه‌ی كردییه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ھەڵەیەكی كوشندەی كرد و دەریخست كە خاوەن بیرۆكەی ستراتیجی نییە. ھاوكات، پەرلەمانتارێكی عێراقیش دەڵێت: حەلبووسی بەر لەم ھەڵوێستانەی لە ناوچەكە و لەلای سەرۆك بارزانی پێگەیەكی تایبەتی ھەبوو.

ئیبراھیم سومەیدعی، ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حەلبووسی دوای ئه‌و هێڕشه‌ ناڕه‌وایه‌ی كردییه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ھەڵەیەكەی كوشندەی كرد و دەریخست كە خاوەن بیرۆكەی ستراتیجی نییە.

ڕاوێژكارەكەی سوودانی دەشڵێت: لەپێناو دەستخستنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان حەلبووسی پەنای بۆ لایەنێكی چوارچێوەی ھەماھەنگی برد و ھەوڵی دا سوود لە ناكۆكییەكەی لایەنەكانی نێو چوارچێوەی ھاوئاھەنگی وەربگرێت، بەڵام درەنگ هات، چونکە لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشتبوونەوە.

ھاوكات شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراقی، باسی لەوە کرد، محەممەد حەلبووسی، بەر لەم ھەڵوێستانەی پێگەیەكی تایبەتی لەلای سەرۆك بارزانی و سەركردەكانی دیكە ھەبوو، گوتیشی: بەھۆی لێدوانەكانی ئەم دواییەی حەلبووسی، سوننەكان ئێستا زیاتر لە دژی وەستاونەتەوە، چونکە هەرێمی كوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ناوچە سوننەنشینەكان ھەیە و هەروەها میوانداریی زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی سوننە کردووە.

محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی له‌كارلادراوی په‌رله‌مان و سەرۆكی پارتی تەقەدوم لە دوا ھەڵوێستەكانیدا، دژی پرچەككردنی ھێزەكانی پێشمەرگە وەستایەوە و هێرشی توندیشی كردە‌ سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی محەممەد شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ڕایگەیاند، سوودانی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەبووە.