نەبەز عەبدولحەمید: لە بانگەشەی هەڵبژاردندا نابێت هاووڵاتییان بێزار بکرێن

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر

قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا نابێت هاووڵاتییان بێزار بكرێن؛ ده‌شڵێت، هاووڵاتییان ده‌توانن له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر سه‌رپێچییه‌كی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن سكاڵا تۆمار بكه‌ن.

دووشه‌ممه‌، 23ـی ئه‌یلوولی 2024، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ فه‌رمی له‌ لایه‌ن كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕاده‌گه‌یه‌نرێت و پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ی پارت و لایه‌ن و كاندیده‌كان ده‌ست پێ ده‌كات.

قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌فره‌وان له‌ پارێزگای هه‌ولێر كراوه‌ كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان تێیدا به‌شدار بوونه‌.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید باسی له‌وه‌ كرد، له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ ده‌كات، نابێت هاووڵاتییان بێزار بكرێن.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ڕێگه‌گرتن به‌هۆی دروستبوونی قه‌ره‌باڵغی ئۆتۆمبیله‌كانی بانگه‌شه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌پێدراو نییه‌.

قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌موو ڕێگه‌كان كراوه‌ن و هاووڵاتییان ده‌توانن له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر سه‌رپێچییه‌كی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن سكاڵا تۆمار بكه‌ن.

یه‌كشه‌ممه‌، 22ـی ئه‌یلوولی 2024، لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر لەپێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان به‌ شێوازێكى شارستانى، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر، له‌ پێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان به‌ شێوازێكى شارستانى و سه‌رده‌میانه‌ له‌ سنوورى پارێزگاکەمان و به‌رگریكردن له‌ ناو و ناوبانگى هه‌ولێرى پایته‌خت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ پێشه‌نگ بووه‌، هەروەها بە ئامانجى فه‌راهه‌مكردن و ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادى بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌بێ جیاوازى و پارێزگاریكردن له‌ كاندیدان و پاراستنى ئارامى و پاك ڕاگرتنى شار و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى، ئێوارەى ئەمڕۆ لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر کۆبۆوە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەى لاى خوارەوە:-

یه‌كه‌م/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌كان بكرێت، كه‌ ببێته‌ هۆى دروستكردنى ئاسته‌نگ له‌ ڕێگاى هاتووچۆى خەڵک، هه‌روه‌ها نابێت ئامێرى بێزاركه‌ر به‌كاربهێنرێت كه‌ ببێته‌ هۆى ناڕه‌حه‌تى هاوڵاتییان.

دووه‌م/ نابێت وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان له‌و شوێنانه‌ى كه‌ ڕێگه‌ دراوه‌، به‌ ماده‌یى لێكده‌ر وه‌ك (له‌زگه‌ یان غه‌ره‌) لێبدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ڵبواسرێت، یان له‌سه‌ر ستاند له‌ شوێنیك دابنرێت كه‌ ڕێگا نه‌گرێت، هەروەها بەکارهێنانى قوم، لم ، چیمەنتۆ بۆ ڕاگرتنى دروشم و پۆستەر و وێنەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

سێیه‌م/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ چوار ڕێییان و ترافیك لایته‌كان وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان لێبدرێت.

چواره‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و پۆسته‌رى كاندیدان له‌ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان، نه‌خۆشخانه‌، قوتابخانه‌كان، هتد .. بدرێت.

پێنجه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كانى تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیوار و شوێنه‌ گشتییه‌كان وه‌ك (مزگه‌وت، كلێساكان، شوێنه‌ پیرۆزه‌ ئاینیه‌كان و شوێنە کەلتوورى و مێژووییەکان) هه‌ڵبواسرێت.

شه‌شه‌م/ نابێت پارك و باخچه‌ گشتییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەکاربهێنرێت.

حه‌وته‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و تابلۆى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ (قه‌دى داره‌كان، دورگه‌ى ناوه‌ندیی شەقامەکان) دابنرێت و وێنه‌ و دروشمى کاندیدان له‌ دارى باخچه‌ و پاركه‌كان بدرێت.

هه‌شته‌م/ له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نابێت ئۆتۆمبێلى (میرى) حكومى به‌كاربهێنرێت.

نۆیه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ پێدار و نییه‌ ڕسته‌ى ئاڵاى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ستوونى ڕۆناككه‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هێماکانى هاتووچۆ لە ناوشار و دەرەوەى شار و بەردەم کامێراکانى چاودێرى هه‌ڵبواسرێت.

ده‌یه‌م/ له‌هه‌ره‌ حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى پاش دیكۆمێنتكردن، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایه‌نه‌كان ده‌كرێت.

یازده‌یه‌م/ له‌ ڕۆژى هه‌ڵبژاردن ژوورى عه‌مه‌لیات له‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ به‌شدارى نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت، له‌ ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان تا كۆتایى هاتنى پڕۆسه‌كه‌، هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك له‌ بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت ئاگادارى ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

دوازده‌یه‌م/ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌ مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، له‌ پێناو پاراستنى ئاسایشى شاره‌كه‌مان و گربوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌، ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ولێر وه‌ربگیرێت.

سێزدەیەم/ هەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان، پۆستەر و بانگهێشتەکەى لەلایەن تیمەکانى شارەوانى لادەدرێت و کاردانەوەى یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment