وارشین سەلمان: ئاوەدانی دەگەیەنینە هەموو ئەو ناوچانەی ساڵانێکە ئاوەدانیان پێنەگەیشتووە

وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی

قایمقامی ئامێدی ڕایدەگەیەنێت: ئاوەدانی دەگەیەننە هەموو ئەو گوند و ناوچانەی ساڵانێکە بەهۆی بوونی چەکداری نا یاسایی نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.

دووشەممە 23ـی ئەیلوولی 2024، وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئامێدی، ڕەزامەندی بۆ چەندین پرۆژە دراو بەردی بناغەش بۆ چەندین پرۆژەی دیکە داندرا، لەوانە  دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 تەختی لە کۆمەڵگەی هیتوتی کە ئامێری پزیشکی پێشکەوتووی بۆ دابینکرا، ڕایدەگەیەنێت: 218 پرۆژە بە 351 ملیار دینار لەبوارە جیاجیاکان جێبەجێ کراون، ئێستا کار لەسەر 24 پرۆژەی دیکە دەکرێت.

وارشین سەلمان ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ بەردی بناغەی پرۆژەی ستراتیژیی  ڕێگەی گەلی باڵندا داندرا کە بە 24 ملیار دینار  لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ دەکرێت ، دەڵێت: ئەو پرۆژەیە یەکێکە لەو پرۆژە ستراتیژیانەی بۆ ناحیەی شیلادزێ جێبەجێ کراوە ڕێگەی سەرەکییە بۆ گوندەکانی ناحەی شیلادزێ کە ماوەی چەندین ساڵە خەڵکی ناحیەی شیلادزێ، ڕێکان، دوسکی ژوورێ، نێروە نەیاندەتوانی سەردانی گوندەکانی خۆیان بکەن بەهۆی بوونی ئەو چەکدارە نایاساییانەی لە ناوچەکە هەن.

دەڵێت: ئەو پرۆژەیە کە زیاتر لە 82 گوند سوودی لێوەردەگرن  قۆناغی یەکەمە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو دەڤەرە لە گەلی باڵندا تا دەگاتە دوا گوند لە سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، سەرباری هەموو ئاڵۆزی و ئالەنگارییەکانی بەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، بەڵام هەمیشە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدبووە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتیش ئامێدی کە قەزایەکی گەشتیارییە چەندین پرۆژەی ژێرخانی گەشتیاریی تێدا ئەنجامدراوە.

دەشڵێت: بەهاوکاریی کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەرگای ئامێدی نۆژەنکرایەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ کونسوڵخانەی فەرەنسا شەش شوێنی شوێنەواریی لە ئامێدی نۆژەن دەکەنەوە.

لەبواری گەشتیاریش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو سنووری ناحیەی شیلادزێ، دێرەلووک، ئامێدی، سەرسەنگ و چەمانکێ، لەگەڵ بامەڕنێ پرۆژەی گەشتیاریی جێبەجێ دەکات کە سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا  حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتی وەبەرهێنان بە 11 پرۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاریی لە سنووری ئامێدی دەدات.